دانا ئەحمەد مەجید: بەشداریی حکوومەتی ئایندە ناکەین

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان
دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: بەشداریی حکوومەت ناکەین ئەگەر زۆرینە بەدەست نێنین.

لە پەیامێکیدا کە وەک بانگەشەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان پێشکەشی کرد، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: هەوڵی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بینینی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، بەتایبەت لە ڕێگەی هەڵبژاردن و ململانێی دیموکراتی، بۆ ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکەین، بەشێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت، بەشداریی لە حکوومەتدا نەکەین تا ئەو کاتەی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانیی پێک دەهێنین.

دەشڵێت: لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە، شەڕی مەدەنیانەی خۆمان لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانیان دەکەین.

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان داوای کرد، ئەو سەرکردانەی لەماوەی ڕابردوودا بەهەر هۆکارێک لە بزووتنەوەی گۆڕان دوورکەوتوونەتەوە، لە هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان هەلێکی دیکەیان پێ بدەن بۆ ئەوەی بزووتنەوەکەیان بخەنەوە سەر نەخشەی هێز و کاریگەریی لە پرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراقدا.   

 دوا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، لە هۆڵێکی بۆنەکانی شاری سلێمانی ڕێوەڕەسمی ڕێزلێنان لە عومەری سەید عەلی بەڕێوەچوو، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی لە نێو بزووتنەوەکە بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا دانا ئەحمەد مەجید بە وەکالەت بە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردراو عومەری سەید عەلی تەواوی دەسەڵاتەکانی ڕادەستی ڕێکخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان کرد.

Fly Erbil Advertisment