بەهای دینار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار 153 هەزار دیناری تێپەڕاند

K24 – هەولێر:
دابەزینی بەهای دینار لە بازاڕەکانی ناوخۆ بەردەوامە، هێرشە مووشەکیەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و ڕاگەیەندراوی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەوەندەی دیکە بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند و بەهای 100 دۆلار 153 هەزار دیناری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاتژمێر 21:30 بە کاتی هەرێمی کوردستان، بەهای 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بوو.
هەرچەندە ئێستا عێراق نەبووەتە بەشێک لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام هەڕەشەی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ناسەقامگیری دروست کردووە.
دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، مقاوەمەی ئیسلامی له عێراق ڕایگەیاند، ئەمەریکا له هەر دوژمنکارییەک دژی ئێران دەستوەردان بکات هەموو بەرژەوەندییەکانی دەبێته ئامانجمان، ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بۆ هێرشی سەر ئێران بەکار بێنێت بنکەکانی ئەمەریکا دەکەینه ئامانج.
بەشێکی دیکەی ناجێگیر بەهای دینار بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ناو عێراق دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار لە ناوخۆ.