رووماڵ

هێزی بەرگریی ئیسرائیل: ئەم شەو بە چڕی چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردومان دەکەین

هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئامادەباشیداین بۆ هێرشی خێرا بۆ سەر ئێران، ئێرانیش هۆشداری دەدات ئەگەر ئیسرائیل کاردانەوەی سەربازی هەبێت توندتر هێرشی دەکەنە سەر.

سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران لە دژی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان، سەدەها مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکە زیاتر لە 400 مووشەک ئاراستەکراون، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت: نزیکەی 280 مووشەک بوون، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن و سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکانیش بە ئاراستەی وڵاتەکەی داخستوون.

ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەبەشداری سوپای ئەمەریکا 80%ـی مووشەکەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. دەشڵێت: سوپای وڵاتەکەمان لە جەنگێکی فرە میحوەردایە بەڵام لە ئامادەباشداین بۆ ئەنجامدانی هێرشی خێرا بۆ سەر ئێران.

هێزی به‌رگریی ئیسرائیلیش ڕایگه‌یاندووه‌، ئه‌م شه‌و به‌ چڕی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆردومان ده‌كه‌ین

هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی فراوانبوونی توندوتیژییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و داواش دەکات هەموو لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن.

لای خۆیەوە نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەر جۆرە کاردانەوەیەکی سەربازی ئیسرائیل هێرشی زۆر توندتری وڵاتەکەی بەدوادێت، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: هەر زوو هۆشداریمان لەسەر فراوانبوونی گرژییەکاندا ، داواش لە ئێران دەکات هێرشەکانی بە خێرایی رابگرێت

ئێوارەی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن"هۆشدارییان له‌ هێرشیی ئێران بۆ سه‌ر چه‌ند شوێنێكی ئیسرائیل دا‌. له‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌رپرسێكی باڵای كۆشكی سپی گوتوویه‌تی، زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانیان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌ ئێران مه‌به‌ستییه‌تی له‌ كاتێكی نزیكدا هێرشیی مووشه‌كی بكاته‌ سه‌ر ئیسرائیل.

له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشهاتانه‌دا سوپای ئیسرائیل هاووڵاتییان ته‌لئه‌ڤیڤ و شاره‌كانی دیكه‌ی ئاگه‌دار كردەوە کە خۆیان له‌ژێر زه‌مینه‌كاندا حه‌شار بده‌ن و له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌مێنن، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستگه‌ی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی ته‌لئه‌ڤیڤی گه‌وره‌ بیستراوه‌.