هێرشە مووشەکییەکان ئاسمانی ناوچەکەی بە تەواوی داخستووە
هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەناسەی لە ئاسمانی ناوچەکە بڕیوە و فڕۆکەخانەکانی چەند وڵاتێکی بە تەواوی لە جووڵە خستووە و چەندین گەشتیش بەهۆیەوە هەڵوەشێندراونەتەوە.
ئیمارات
کۆمپانیای فلای دوبەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و زیادبوونی گرژییەکان، سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئوردن، عێراق، ئیسرائیل و ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی فلای دوبەی ئەمڕۆ و سبەینێ پێنجشەممەش هیچ گەشتێک بۆ ئەو چوار وڵاتە ناکات.
عێراق
هەروەها گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە 24 کاتژمێردا دوو جارە گەشتەکانی ڕادەگرێت، جاری یەکەم بەهۆی هێرشی کاتیۆشای گرووپە میلیشیاکان بوو بۆ سەر بنکەی ڤێکتۆریای هێزەکانی ئەمەریکا کە دەکەوێتە نێو فڕۆکەخانەکە. دووەمیشیان بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
لە بارەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، عەبدولڕەزاق موحێبس، وەزیری گواستنەوە لە حکوومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە سەرجەم چالاکییەکیانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تاوەکوو کاتێکی نادیار ڕاگرتووە.
ئێران
هەروا جەعفەر یازەرلو، گوتەبێژی دەزگای فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران ڕایگەیاندووە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران و تیمەکانی فڕۆکەوانی ڕاگیراون.
یازەرلو ئاماژەیداوە، بڕیارە کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەشتە ناوخۆییەکانی ئێران ئاسایی ببنەوە.
ئوردن
لەلایەکی دیکەوە دەستەی ڕێکخستن و چاودێری فڕۆکەوانی مەدەنی شانشینی ئوردن ڕایگەیاندووە، ئاسمانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاتی لە بەردەم هەموو گەشتێکی هاتن، چوون و ترانزێت ڕاگرتووە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی ئوردن لە بەردەم گەشتە ئاسمانییەکان دەدەن.
لوبنان
هەروەها وەزیری گواستنەوەی لوبنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە، بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتەکانیان لە فڕۆکەخانەی بەترووت ڕاگرتووە و دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە چالاکییەکانی فڕۆکەخانە ئاسایی دەبنەوە.
کوەیت
هەر بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی کوەیت ڕایگەیاندووە، ناچار بوون بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاراستە و ڕێڕەوی گەشتەکانیان لە ناوچەکە بگۆڕن لە پێناو سەلامەتی گەشتیاران و تیمەکانی فڕۆکەوانی.
لوفتهانزا و کەی ئێڵ ئێم
هەروەها کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەڵمانیا ناسراو بە لوفتهانزا ڕایگەیاندووە، تاوەکوو کۆتایی تشرینی یەکەم سەرجەم گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی ئێران، عێراق، ئوردن درێژ دەکاتەوە.
هەروا کۆمپانیا فڕۆکەوانی مەدەنی هۆڵەندا (KLM) ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ درێژ کردەوە.