ئێران و ئیسرائیل لە هەڕەشەکردن لە یەکتر بەردەوامن
محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران هەڕەشەی لێدانی "هەموو ژێرخانی" ئیسرائیل کرد ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی لە وەڵامی هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکان.
باقری لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەو هێرشە مووشەکییەی ئێوارەی سێشەممە بەرەو ئیسرائیل هەڵدران، بە هێزێکی زۆرترەوە دووبارە دەبێتەوە، و هەموو ژێرخانی قەوارەی ئیسرائیل دەکرێتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئێران ڕایگەیاند هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر ئیسرائیل کۆتایی هاتووە، مەگەر ئیسرائیل گێچەڵیکی دیکە بکات، هاوکات ئیسرائیل و ئەمەریکا بەڵێنیان دا وەڵامی هێرشەکەی تاران بدەنەوە، لەکاتێکدا مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر پەرەی سەندووە.
لای خۆیەوە واشنتۆن ڕایگەیاند، لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانەکەی کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران ڕووبەڕووی دەرئەنجامە سەختەکان دەبێتەوە، بەهۆی ئەو هێرشەی دوێنێ سێشەممە کردی، لەو ماوەیەدا ئیسرائیل ڕایگەیاند، 180 مووشەکی بالیستی هەڵداوە، لەکاتێکدا تاران لە تەلەفزیۆنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل 200 مووشەکی هەڵداوە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبونەوەی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و یەکێتیی ئەورووپاش داوای ئاگربەستی خێرای کرد.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکەمان کۆتایی هات، مەگەر ئیسرائیل خۆی بڕیار بدات وەڵامی زیاتری بوێت، لەم سیناریۆیەدا ئێمەش وەڵامدانەوەمان توندتر و بەهێزتر دەبێت بۆی".
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە "شکستخواردوو" زانی و سوێندی خوارد وەڵامی بداتەوە.
شەوی سێشەممە لە میانی کۆبوونەوەیەکی سیاسی و ئەمنیی خێرادا گوتی: ئێران ئەمشەو هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجی هەڵەکەشی دەدات.
ناتانیاهۆ گوتیشی: ئێران درک بە ڕادەی ئیرادەی ئێمە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان ناکات، ئیرادەمان زۆر لەوە بەهێزترە کە دوژمن دەیبینێت و وەڵامیشمان بۆیان دەبێت.