هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەندامی پەیمانگەی سیاسەتی کۆچبەران لە یەکێتیی ئەورووپا

شاندی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل
شاندی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاشکرای دەکات، بۆ یەکەمجار، هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەندام لە پەیمانگەی سیاسەتی کۆچبەران لە یەکێتیی ئەورووپا.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بە دامەزراوەیی کردن و دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانیویەتی چەندین سیستەمی نێودەوڵەتی بێنێتە هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوەیی کۆچ، ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەو چوارچێویەدا.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بووە ئەندام لە پەیمانگەی سیاسەتی کۆچبەران لە یەکێتیی ئەورووپا،  کە تێیدا هەر 27 دامەزراوەی کۆچی یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم ئەو لایەنانەی پرۆژە پێشکەش بە بابەتی کۆچ دەکەن، لەم پەیمانگایە ئەندامن، تێیدا ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەکو یەکێك لە ئەزموونە سەرکەوتووەکان باسی لێوە کرا.

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ھاوڕێ لەگەڵ دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆبوونەوەی تایبەت بە MPI 'پەیمانگەی سیاسەتی کۆچبەران لە یەکێتیی ئەورووپا' لە برۆکسل بەشدار بوون، تێیدا سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ سوپاسی یەکێتیی ئەورووپا و MPI کرد بۆ بانگھێشتی بە ئەندامبوون و میوانداریی تیمی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو کە هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی میواندۆست و کاریگەر لە کەمکردنەوەی ڕەھەندەکانی بابەتی کۆچ بۆ ئەورووپا و لە خۆگرتنی ملیۆنێك ئاوارە و پەنابەر، داوای کرد، ڕاستەوخۆ هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکرێت و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی بکرێت، هاوکات نیگەرانیی خۆی پیشاندا لەوەی پشکی زۆری هاوکارییەکان پێشکەش بە لایەنی دیکە دەکرێت، لە کاتێدا سەرجەم ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستانن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ئەوەی خستەڕوو، کە بەهۆی بەردەوامی قەیرانی دارایی و کێشەی ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق ، لەگەڵ بابەتی ڕێککەوتنامەی شنگال کە تاکو ئەمڕۆ ملیشیا و هێزە چەککدارە نایاساییەکان لەم ناوچانەن و لەمپەر و ئاستەنگی گەورە دروست دەکەن و ژیانی ھەزاران کەس دەخەنە مەترسیەوە، ھاوکات  گۆڕانەکانی کەش و هەوا و لێکەوتەکانی، وا پێویستە کە لە بڕیاری دیپۆرتکردنەوە هاونیشتمانیانی کورد وەکو عێراق سەیر نەکرێن، گوتیشی: پێویستە بارودۆخی ئێستایان لەبەرچاو بگیرێت و دیپۆرت نەکرێنەوە تاوەکو کێشەی قەیرانی دارایی گەڕانەوەی ئەمنیەت بۆ ئەم ناوچانە بە تەواوی چارە دەکرێن.

سروە ڕەسووڵ داوای کرد هەموو  بەیەکەوە هەوڵ بدەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی، داواشی کرد ووڵاتان ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا ئاسانتر بکەن و هەلی کاری یاسایی بۆ گەنجانمان بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بە ئەزموونی ئەم ووڵاتانە ئاشناببن و لە داهاتوودا بتوانن خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

Fly Erbil Advertisment