وەزارەتی تەندروستی لوبنان ژمارەی کوژران و بریندارانی ئاشکراکرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ئاشکرا کرد.

فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەوەتەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەستی پێ کردووە، هەزار 974 کەس بەوهۆیەوە کوژراون، کە 127 منداڵ و 261 ئافرەت لە نێوا کوژراوەکاندا هەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، نۆ هەزار و 384 کەس بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە سوپای لوبنان ڕایگەیاند، " دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوەندێکی سوپای لوبنانی لە ناوچەی بنت جبەیل لە باشووری لوبنان، سەربازێکیان کوژرا".

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هەر ئەمرۆ پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کاتژمێرێک بوو گەیشتبووە سووریا.

Fly Erbil Advertisment