مەسعود حەیدەر: لە چەند ڕۆژی داهاتوو تەواوکاری مووچەی مانگی 9ـی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکرێت
K24 – هەولێر:
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند کراوە بە ناردنی، هەروەها لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوکاری مووچەی مانگی 9ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی عێراق ژمارە (24668) لە 12ـی 9ـی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی ئەو مووچانەی کە خەرج نەکراوە.
ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم وەکو ھەموو فەرمانبەرانی تری عێراق، هەروەها ھەردوو حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێم چارەی ھەر تێبینیەک دەکەن کە ھەبێت تا کۆتایی ساڵی 2024.
ناوبراو ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی داھاتوودا تەواوکاری مووچەی مانگی 9ـی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.