پشتیوان سادق: بە پرۆژە و ئاوەدانی زیاتر وەڵام دەدەینەوە

پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە پرۆژە و خزمەتی زیاتر وەڵامی لایەنەکانی دیکە دەدەنەوە.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە وەڵامی ئەو حزب و لایەنانەی دەیانەوێت دژایەتی پارتی بکەن دەڵێت: پارتی هەڵقوڵاوی جەماوەری کوردستانە، بە خزمەتکردنی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان، وەڵامی هەموو ئەو لایەنانە دەدەینەوە کە دەیانەوێت دژایەتی پارتی بکەن.
پشتیوان سادق گوتی: هەر کەسێک دژایەتی پارتی بکات، ئێمە بە پرۆژە و بەرنامە، بە خزمەتکردنی زیاتر و خاوەندارێتی کردنی پرسی کورد وەڵامیان دەدەینەوە، خۆمان ناهێنینە ئاستی ئەوانەی کە شێوازێکی نا شارستانیی لە بانگەشەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکاردێنن.
دەشڵێت:دژایەتی کردنی پارتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پارتی خاوەنی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، پارتێکە هەڵقوڵاوی جەماوەری کوردستان و ئایندەی ئەو وڵاتەیە.