به ڤیدیۆ: هێزه ئه‌منییه‌کان کێو‌ماڵی گه‌ڕه‌که گوماناوییه‌کانی که‌رکوک ده‌که‌ن
K24 – هه‌ولێر
هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك ده‌ستیان به كێوماڵی هه‌ندێ گهڕهکهكانی شار كرد، پاش ئه‌وه‌ی به درێژایی رۆژی رابردوو به‌هاوكاری پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانی خۆبه‌خش شكستیان به پیلانی داعش له كه‌ركوك هێنا.
كوردستان24 وێنه‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ پشكنین و گه‌ڕان به‌دوای چه‌كدارانی داعش له هه‌ندێ له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری كه‌ركوك بڵاو ده‌كاته‌وه، كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه ده‌ستیپێكردووه.
له په‌خشی راسته‌وخۆی كوردستان24 له گه‌ڕه‌کی ئه‌سرا مه‌فقودین، ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر ده‌بیسرێت و پێده‌چێت ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش بن كه شه‌وی رابردوو رایانكردووه و خۆیان حه‌شار داوه.
هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان به‌دوای چه‌كدارانی داعش پاش ئه‌وه‌ی دێت كه هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك به هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانی خۆبه‌خش شكستیان به ته‌واوی پلانه‌كانی داعش هێنا و ئارامییان بۆ شاره‌كه گه‌ڕانده‌وه.
چه‌كدارانی داعش به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی دزه‌یان كردبووه ناو هه‌ر یه‌ك له گهڕهکهكانی یه‌کی حوزه‌یران، ئه‌سرا مه‌فقودین، دۆمیز، تسعین و حەی عەسکری ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ندین بینا و هۆتێلیان گرتبوو و ته‌قه‌یان له هاووڵاتیان ده‌كرد. به درێژایی رۆژی رابردوو هێزه ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه و هاووڵاتیان خۆبه‌خش به‌رنگاریان بوونه‌وه و له ده‌ره‌نگانی شه‌وی رابردوو كۆتاییان به پیلانی داعش هێنا و ته‌واوی ئه‌و باڵاخانهنهیان كۆنترۆڵ كرده‌وه.