چیرۆكه‌كانی دوای شه‌ڕ.. پێشمه‌رگه‌ كێوماڵی باشیك ده‌كات

بۆمبه‌ چێندراوه‌كانی داعش له‌ باشیك ببینه‌

K24 - هه‌ولێر:

شارەدێی باشیك لە دوو رۆژی رابردوو لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ئازادکرا, کامێرای کوردستان24 لە نێو باشیکەوە جگە لە تۆمارکردنی دیمەنەکان, چیرۆکەکانی پاش جەنگیش دەگێڕێتەوە.

شارەدێی باشیك, یان بەعشیقە سەربە پارێزگای مووسڵەو دانیشتوانەکەی لە کریستیانەکان و کوردی یەزیدی شەبەک وعەرەب پێکھاتوون , بوونی چەندین  باخی زەیتوون و  چیا و  دۆڵ و دڵڕفێنی ناوچەکە سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشابوو .

ئێستا باشێک وێرانەیە, داعش لەدوای خۆی ھەموو کووچەو کۆڵان و ماڵێکی بۆمبڕێژکردووە, تەنانەت مزگەوت و كڵێسەکانیشی وێرانکردووە.

ئێرە پێشتر شوێنی یاریکردنی مناڵان و ھاتووچۆی ھاوشاران و دانیشتنی ژنانی گەڕەک و ژوانی عاشقان بوو, بەڵام ئێستا تەنیا چۆڵەوانی و بۆمبی چێنراو و درووشمەکانی خەلافەتەکەی داعش و دەیان چیرۆکی بەجێماوی لێیە.

مزگەوت و كڵێساكان پێشتر شوێنی خواپەرستی و ئارامبوونەوەی دڵەکان بوون, بەڵام ئێستا چۆڵە و تەنانەت کتێبە ئاسمانییەکان بەشێکن لە پاشماوەکانی جەنگ, لە زۆربەی کووچە و کۆڵانەکانی شاردا ھێشتا تەرمی چەکدارانی داعش ماون, کامێرای کوردستان 24یش لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا دیمەنەکانی دوای جەنگ تۆمار دەکات.