راوێژکاری ترەمپ: رۆڵی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنین

دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی نوێ تەواو ئاگادارن لە دۆخی کوردستان

K24 - ھەولێر

سام یۆنۆ، راوێژکاری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری ھەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی نوێ تەواو ئاگادارن لە دۆخی کوردستان و ھەوڵ و تێکۆشانەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی جێی رێزن.

سام ئەوەشی دووپات کردەوە، کە پێشمەرگە و گەلی کورد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆڵێکی کارایان لە جەنگی دژی داعش و ھاوکاریکردنی ئاوارەکان گێراوە. جەختیشی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ رێگری لە سەربەخۆیی کوردستان ناکات، بەڵام پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا ھەبێت.

راوێژکاری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست راشیگەیاند، دۆناڵد ترەمپ گرنگییەکی زۆر بە کوردستان و عێراق دەدات و لە پێشینەی کارەکانی دەبێت لە کۆشکی سپیدا. رەخنەی توندیشی لە ئیدارەی ئۆباما گرت و بە ئیدارەیەکی لیبرال و چەقبەستوو ناوی برد.