ئه‌ندامێكی پێشووی كومیته‌ی ناوه‌ندی پارتی كۆچی دوایی كرد

K24 – هه‌ولێر

قادر جه‌باری ئه‌ندامی پێشووی كومیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری دادی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

قادر جه‌باری كه‌سایه‌تی ناسراوی ناوچه‌ی جه‌باری له‌ كه‌ركوك و سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ندین پله‌ و پۆستی حزبی و سه‌ربازی له‌ناو ئه‌م حزبه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌ و به‌شداری هه‌ردوو شۆڕه‌شی ئه‌یلول و گوڵانی كردووه‌.

جه‌باری ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر به‌هۆی نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد و له‌ گوندی كوڵه‌بان له‌ ناحیه‌ی جه‌باری له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك به‌ خاك سپێردرا.

ژیاننامه‌، خه‌بات و چالاكی قادر جه‌باری له‌ چه‌ند دێرێكدا

  • له‌ دایكبووى ساڵی 1942 ناوچه‌ى جه‌باری سنوورى پارێزگاى كه‌ركووكه‌.
  • ساڵى 1965 تاكو 1970 به‌رپرسى لیژنه‌ى ناوچه‌كانى شوان و شێخ بزێنى پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌.
  • ساڵى 1969 به‌شدارى ئۆپه‌راسیۆنى لێدانى نه‌وتى كه‌ركووكى كردووه‌.
  • ساڵى 1970 له‌ كۆنگره‌ى 8 پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌ته‌ ئه‌ندامى یه‌ده‌گى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى.
  • ساڵى 1971-1974 به‌رپرسى لقى 3 پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌ له‌ كه‌ركووك.
  • ساڵى 1974-1975 به‌رپرسى لقى 2ى پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌ له‌ هه‌ولێر.
  • ساڵى 1975 ئه‌ندامى لیژنه‌ى كاروبارى په‌نابه‌رانى باشوورى كوردستان بووه‌ له‌ ئێران.
  • ساڵى 1982 تا 1992 ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى حزبى سۆسیالیستى كوردستان بووه‌.
  • ساڵى 1992 به‌رپرسى شاندى دانوساندكارى حزبى یه‌كگرتنى كوردستان بووه‌ له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان.
  • ساڵى 1993 تاكو 1999 ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌.
  • له‌ ساڵى 1999 له‌ كۆنگره‌ى 12 پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ ئه‌ندامى یه‌ده‌گى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى هه‌ڵبژێردراوه‌.
  • ساڵى 1994 تا 1998 وه‌زیرى دادى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بووه‌.
  • رۆژى 2016/11/12 له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا له‌ شارى هه‌ولێر به‌ هۆى نه‌خۆشى كۆچى دوایى كرد.