سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی رۆژنامەی واشنتن تایمز: ترەمپ قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگە دەبینێت

K24 - واشنتن

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی رۆژنامەی واشنتن تایمزی ئەمریکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ستایشی رۆڵی ھێزی پێشمەرگە دەکات لە شەڕی دژی داعش و بە پاڵەوان ناویان دەبات.

 ئاشکراشی دەکات سەرۆکی ھەڵبژێردراوی نوێی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، گۆڕانکاری باش لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات، بەتایبەتی لە بارەی شەڕی داعشەوە.

تۆم مەکدەڤید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی رۆژنامەی واشنتن تایمز بە كوردستان24 گوت: "پێموابێت ئەو ھەڵبژاردنەی ھەفتەی رابردوو لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، رووداوێکی گرنگ بوو لە مێژووی ئەمریکا، لەوبڕوایەدام کە ئەمریکا گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر باڵانسی دەسەڵات لە ئەمریکادا ھاتووە، بەھۆی ئەوەی ئێستا کۆمارییەکان دەسەڵاتدارن لە کۆشکی سپی و لە کۆنگرێسیش.

دەشڵێت: "لەبارەی تڕمپیشەوە، پێموابێت ئەو لە گرنگی ئەو لەناوبردنی داعش گەیشتووە و ھەست دەکەم کە ئەو سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا بگۆڕێت، ئەمەش بەپێچەوانەی ھەشت ساڵی رابردوو کە سیاسەتەکانمان لاواز و ئاڵۆز بوون، ترەمپ بەلایەوە گرنگە رەوشی جیھان چۆن دەبێت، بەتایبەتی کاتێک قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگە دەبینێت، کە چۆن رووبەڕووی ئەو ھێزە دڕەندەیە بوونەتەوە و بەراستی پێشمەرگە سەلماندوویەتی کە پاڵەوانن. بۆیە ئێمە لە ئەمریکا شانازیان پێوە دەکەین".