ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئیداری دەگۆڕدرێن

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە كۆبوونەوەیەكدا دەنگ لەسەر ئاڵوگۆڕی لە چەند پۆستێكی ئیدارەی سنووری پارێزگاكە دەدات.

ھۆشمەند سادق پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "كۆبوونەوەكە دەستیپێكردووە و كۆمەڵێك تەوەر دەخرێنەڕوو، یەكێك لە تەوەرەكان گۆڕانكارییە لە پۆستە ئیدارییەكان، ئەم گۆڕانكاریانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانە بۆ چاكسازی لەناو حكوومەت كە پێشتر راگەیاندووە".

بە پێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێری كردووە، شەش كاندین وەك بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ھەر یەك لە ناحییەكانی سیدەكان، قەسرێ، حاجی ئۆمەران، سمیلان، كەورگۆسك، ھەریر پێشنیاركراون.