راگەیهندراوێك لە بارەی رووداوی كوژرانی شوكری زەینەددین
K24 - هەولێر:
پۆلیسی دهۆك لەبارەی رووداوی كوژرانی هاوڵاتییەك لە دەڤەری ئامێدی رایگەیاند: دوو رۆژ پێش ئێستا دوو هاووڵاتی بە ناوەكانی"شوكری زەینەددین" و "میرزا رێكانی" بە مەبەستی راوكردن چوونەتە گوندی بانەسری لە ناوچەی رێكانی كە دەكەوێتە سەر سنووری نێوان باشوور و باكووری كوردستان،بەگوێرەی قسەی میرزا رێكانی كە هاوەڵی شوكری بووە،هەر یەك لەوان بەرەو جێگەیەك رۆیشتوون و بە دوای نێچیردا گەڕاوون تا راوی بكەن،بەڵام پاش ماوەیەك گوێی لە دەنگی تەقە بووە و چووەتە ئەو شوێنەی هاوڕێكەی لێبووە،كاتێك دەبینێت كوژراوە.
میرزا رێكانی هەروەها گوتوویەتی پێشتر بە شوكریم گوتووە نەڕوات بەڵام هەر چووە و دوای گیان لە دەستدانیشی تەلەفۆن و مۆبایل لەو ناوچەیە كاری نەكردووە تا ماڵبات و كەسوكارەكەی لە شیلادزێ ئاگادار بكەمەوە.
لە راگەیێنراوەكەی پۆلیسی دهۆكدا هاتووە" ئەو ناوچەیەی رووداوەكە تێیدا روویداوە ناوچەیەكی سنووریی قەدەغەكراوە و زۆربەی كاتەكان لە لایەن توكیاوە بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆردوومان دەكرێت و سێ كاتژمێر لە سەنتەری قەزای ئامێدییەوە دوورە.
ئێستاش كەسووكاری كوژراوەكە بەرەو ئەو شوێنە چوون كە شوكری تێدا كوژراوە تاكو تەرمەكەی بهێننەوە و دوای هێنانەوەی تەرمەكەشی پەڕی لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكەوە بەمەبەستی زانینی چۆنییەتی كوژرانی دەكرێتەوە.