ھەردوو باڵەكەی یەكێتی رێككەوتن
بە یەك شاند بەشداری كۆبوونەوەكان دەكەن

K24 - سلێمانی
دوای چەند رۆژێک کۆبوونەوەكانی یەکێتی نیشتمانی كوردستان لەسەرئاستی باڵا و دوور لە چاوی کامێراكان، بە مەبەستی پێکھێنانی شاندێک بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەیشتنە رێككەوتن كە ھەردووباڵەكەی یەكێتی بە یەك شاند لەگەڵ پارتی كۆببنەوە.
لەتیف نێروەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند: "یەکێتی نیشتمانی كوردستان شاندەکەی پێکھێناوە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامانجی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا شاندی یەكێتی ئامادەیە و ماوەتەوە كەی شاندەكەی پارتی سەردانی سلێمانی دەكەن".
نەرمین عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە کوردستان24 گوت: "پێمان باشە ھەرچی زووترە کۆبوونەکان لە شاری سلێمانی دەست پێبکەن، تاوەکو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان گرتووە قوڵترنەبنەوە".
پێشتر بزووتنەوەی گۆرانیش لەلایەن گوتەبیژەکەیەوە رایاندگەیاندووە، ئامادەن پێشوازی لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بکەن.
لەبارەی دواكەوتنی كاتی ئامادەبوونی شاندی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "یەكێتی ھەر لەسەرەتاوە دوای پەیامەكەی كاك مەسعوود بارزانی، رایگەیاند كە ئامادەین گفتوگۆ بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام ھەموو حزبێك ھەقی خۆیەتی بەر لە كۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر كۆبوونەوەی ناوخۆی بكات، بۆ ئەوەی راوبۆچوونەكان وەربگیرێن".
مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی 20/11/2016، لە پەیامێکیدا داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن. داواشی کرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەت و دیارکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکەن.