حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌مده‌كاته‌وه
له چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كه‌ی رێكخراوی ئۆپێكه و هاوكارى عێراق ده‌كات
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پابه‌ندبوونی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی راگه‌یاند, ئه‌وه‌ش له دوای بڕیاره‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی رێكخراوی ئۆپێك دێت و پێشتر حكوومه‌تی عێراقیش پابه‌ندبوونی خۆی به بڕیاره‌كه راگه‌یاندووه.
ئاشتى هه‌ورامی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ی 5ی تشرینی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی عێراق و پابه‌ندبوون به بڕیاره‌كه‌ی ئۆپێك، رێككاره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان ده‌گرنه‌به‌ر.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، كه‌مكردنه‌وه‌كه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ئێستادا، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نابێت و ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریشی هه‌بێت، كاریگه‌رییه‌كی سنوورداره.
وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ره‌نگه بۆ چۆنیه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌كه، به فه‌رمی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كۆببنه‌وه و له‌سه‌ر میكانیزمێك رێكبكه‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ند بن به بڕیاره‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی رێكخراوی ئۆپێك.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، حكوومه‌تی عێراق وه‌ك ئه‌ندام و دامه‌زرێنه‌ری رێكخراوه‌كه، بڕیاریدا رۆژانه 210 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌مبكاته‌وه و له مانگی كانوونی دووه‌میش، ئه‌و بڕیاره ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له ئێستاشدا حكوومه‌تی عێراق، رۆژانه نزیكه‌ی 4.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كات.