13 ساڵ بەسەر كارەساتی یەكی شوبات تێپەڕ دەبێت
لە جەژنی قوربان زیاتر لە سەد كەس لە سەركردە و كادیری پارتی و یەكێتی و پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل بوونە قوربانی
K24 – ھەولێر
لە كارەساتی یەكی شوباتی 2004، زیاتر لە 100 كەس لە ھەردوو تەقینەوە خوژییەكەی بارەگای لقی 2 پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3 یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھەولێر شەھیدبوون، لەوانە چەندین سەركردە و كادیری ھەردوو حزب و دەیان پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل، ھەروەھا ژمارەیەكی زیاتریش برینداربوون.
رۆژی یەكی شوباتی ساڵی 2004 لە جەژنی قوربان، 13 ساڵ بەر لە ئێستا، ئەو كاتەی كە خەڵك بە بۆنەی جەژن سەردانی یەكتریان دەكرد و بە لێبوردەیی و گەردن ئازادی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بەھێزتر دەكرد ، دوو تیرۆریست لە دوو بارەگای سەرەكی دوو ھێزی سەرەكی كوردستان لە ھەولێر، حەشیمەتی ئەو خەڵكەیان كردە ئامانج كە بۆ پیرۆزباییكردنی جەژن، سەردانی لقی 2 پارتی و مەڵبەندی 3 یەكێتییان كرد و لە لایەن بەرپرسانی ھەردوو پێشوازییان لێكرا.
ھەردوو تەقینەوەی ھاوكاتی یەكی شوبات لە لایەن دوو تیرۆریستی خۆكوژ ئەنجامدران، بە ھۆیەوە 101 كەس شەھیدبوون، لەوانە چەندین سەركردە و كادیری پارتی و یەكێتی و دەیان پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل.
ھێرشەكەی یەكی شوبات لە كاتیكدا بوو كە پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی ھەرێم دەستیپێكردبوو و پارتی و یەكێتی پاش شەڕی ئازادی عێراق لاپەرەیەكی نوێیان لە رێكخستنی پەیوەندییەكانیان و ھەروەھا چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ھەرێم و مامەڵە لەگەڵ عێراقی نوێ ھەڵدا، ھەر وەك بەرپرسانی ھەردوو لا لە چەندین بۆنەی تایبەت بە بیرھێنانەوەی ئەم رووداوە رایانگەیاند لە سەروبەندی ریكخستنی ناو ماڵی كورد، ئامانجی ئەم ھێرشە تێكدانی یەكێتی ناو ماڵی كورد بوو، بەڵام ئەم ھێرشە یەكهەڵوێستی و یەكگوتاری كوردی بەھێزتر كرد.
چاوەڕوان دەكرێت بە سەردانكردنی گلكۆی شەھیدان و مۆنۆمێنتی شەھیدانی یەكی شوبات رێز لە قوربانیانی ئەم كارەساتە بگیرێت.
JS




