فه‌ره‌نسا ئيدانه‌ى بڕيارێكى ترامپ دژى ئێران ده‌كات

رایگەیاند، فەرەنسا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە رێککەوتننامەی ئەتۆمییە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە سەردانی ئێرانی کردووە لە دواى کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە کۆنفرانسێکی میدیایدا رایگەیاند، فەرەنسا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە رێککەوتننامەی ئەتۆمییە  و دانوستانی دووبارە لەسەر ئەم رێککەوتننامەیەش رەتدەکاتەوە و بڕیاری حکوومەتی ئەمریکاش لەسەر راگرتنی هاتوچۆی هاووڵاتیانی ئێران و شەش وڵاتی دیکەشی ئیدانە کرد.

ژان مارک ئایرۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتى: شەوی رابردوو و ئەمڕۆ بەیانیش لە کۆبوونەوەی ئابووریی دوو وڵاتدا من پشتیوانیی فەرەنسا بۆ رێککەوتننەکەی ڤییەننام دووبارە کردەوە و ئێمە دژی هەر بڕیارێکی نوێ کە بە پێچەوانەی رێککەوتننامەکە بێ دەوه‌ستینەوە و ئەگەر بڕیار بێ دیسانەکە دانوستانی لەسەر بکەینەوە ئەوا ئێمە ئەو دانوستانانە رەت دەکەینەوە. گوتيشى: هەڵوێستە یەکلایەنەکانی ئەمریکاش بە بیانووی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و رێگری لە هاتوچۆی خەڵک بۆ ئێران مایەی نیگەرانییە و بڕیارێکی نابەجێیە.