داناگاز: 121 ملیۆن دۆلاری دیكه‌مان له‌حكوومه‌تی هه‌رێم برده‌وه

K24 - ھەولێر
كۆمپانیای داناگاز رایگه‌یاندووه، له‌دادگای له‌نده‌ن دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌یان له حكوومه‌تی هه‌رێم بردووه‌ته‌وه و بڕی 121 ملیۆن دۆلاری دیكه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ری داناگاز دادگای له‌نده‌ن بریاری داوه حكوومه‌تی هه‌رێم بڕی 121 ملیۆن دۆلار بداته كۆمپانیاكه به‌رامبه‌ر یه‌كلابوونه‌وه‌ی دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌ی نێوان هه‌ردوولا.
داناگاز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئه‌م بره پاره‌یه وه‌ك شایسته‌ی دارایی كۆمپانیاكه‌یه كه گازی سروشتی و گازی شلی له‌بری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فرۆشتووه له‌نێوان 30 حوزه‌یرانی 2015 تا 31 ئازاری 2016، هاوكات ده‌سته‌ی بڕیاردان له دادگاكه ته‌واوی داواكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ره‌تكردووه‌ته‌وه.
پێشووتریش داناگاز رایگه‌یاندبوو، بڕی ملیارێك و 900 ملیۆن دۆلاری دیكه‌ی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بردووه‌ته‌وه.