خەڵاتی ماملێ دەبەخشرێتە مەزھەری خالقی

K24 – ھەولێر
مەڵبەندی ھونەریی ماملێ ئاشكرای كرد خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی 2017، دەبەخشرێتە ھونەرمەندی ناوداری كورد مەزھەری خالقی.
مەڵبەندی ھونەریی ماملێ رایگەیاندووە، کۆمیتەی بەربژێرکاری ئەم مەڵبەندە کە پێکھاتووە لە چەند کەسایەتییەکی شارەزا و بەئەزموون لە بوارە جیاوازەکانی ھونەری و ئەدەبیدا، ئەم ساڵ بە کۆی دەنگ پاشای ھونەری گۆرانیی کوردی، مامۆستا (مەزھەر خاڵەقی) یان بۆ ئەم خەڵاتە دەستنیشان کرد".
ساڵانە لە یادی کۆچی دوایی ھونەرمەند محەمەدی ماملێ مەراسیم و بەخشینی خەڵات بۆ ئەو كەسانەی خزمەت بە ھونەری كوردی دەكەن بەڕێوەدەچێت.
بە گوێرەی ماڵپەڕی مەڵبەندی ھونەریی ماملێ، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ پێشكەشكردنی خەڵاتی 2017 ی ماملێ بە مەزھەری خالقی ئامادە بکات و لەكاتی خۆیدا لە رێگەی راگەیاندراوێك بۆ رێكخستنی مەراسیمەكە بڵاو دەكەنەوە.
مەڵبەندی ھونەریی ماملێ رایدەگەیەنێت، ساڵانە ھەوڵدەدات پاش لێکۆڵینەوە و راوێژی کۆمیتەی بەربژێرکار، ھونەرمەند یان ھونەرمەندانێکی چالاک لە بوارە جیاوازەکانی مۆسیقا، دەستنیشان بکات و خەڵاتی ھونەری ماملێ، لە بۆنەیەکی تایبەتدا گەر بۆی بلوێ ، پێشکەش بکات.
ئەوەش روونكراوەتەوە مەبەست لە پێدانی ئەو خەڵاتە بە مەزھەری خالقی، جگە لە نوێکاری لە گۆرانی کوردیدا و نەخشاندنی ئەم گۆرانییانە بە مۆسیقایەکی زانستی و سەردەمیانە، بە تێکەڵاوکردنی تێکستی جوان و رازاوە بۆ میلۆدییەکانی، وەھا تابڵۆیەکی رەنگینی بۆ کورد کردوەتە دیاری کە ھەرکام لەم ئاوازانە بوون بە ناسنامە بۆ مێژووی ھونەریی کورد. مامۆستا مەزھەر بۆ گەشەپێدانی کولتوور و ھونەری کوردی بێوچان لە تێکۆشان دابووە و لە ساڵی 2003 بە بونیادنانی سەنتەرێک بەناوی (ئەنستیتیوتی کەلەپووری کورد) لەھەوڵدا بوون تا لەناو جەرگەی کوردستان و بە شێوەیەکی سەربەست و ئازادانە، درێژە بە خەباتی نەپساوەی کولتووری و ھونەری بدات.

