يه‌ڵدرم ستايشى سه‌عيدى نوورسى ده‌كات

گوله‌ن له‌ كتێبه‌كانى نوورسى به‌هره‌مه‌ند بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كورد بوونى نوورسى ئاماده‌ نه‌بوو دانى پێدا بنێت.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم ستايشى سه‌عيدى نوورسى زاناى ناودارى كوردى كرد و رايگه‌ياند، گوله‌ن له‌ كتێبه‌كانى نوورسى به‌هره‌مه‌ند بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كورد بوونى نوورسى ئاماده‌ نه‌بوو دانى پێدا بنێت.

سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بن عه‌لی یه‌ڵدرم رايگەیاند، "پەکەکە و گوله‌ن شانبەشانی یەکتر کاردەکەن بۆ ئەوەی لە 16ی نیسان "نەخێر" سەرکەوێت. قەندیل ھەموو رۆژێک روونکردنەوە دەدات و دەڵێت کە ئەگەر "بەڵێ" سەرکەوێت، ئەوا پەکەکە کۆتایی پێدێت و شاری بەدلیسیش دەڵێت "بەڵێ" کە پەکەکە و گوله‌ن بەو ھۆیەوە کۆتایيان پێدێت".

یڵدرم لە گۆڕەپانی گۆکمەیدانی شاری بەدلیس بەشداری لە کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لەبارەی راپرسى کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە شاری بەدلیس کەسایەتی و زانای زۆر مەزنی پێگەیاندووە و راشیگەیاند لە سەرووی ئەمانە سەعید نورسی دێت.

یه‌ڵدرم جەختی لەوە کردەوە کە سەعید نورسی بێجگە لەوەی زانا بوو، ھاوکات نیشتمانپەروەر و قارەمانیش بوو و گوتی: "لە ساڵی ١٩١٥ لە شارۆچکەی حەسەنکەلەی شاری ئەرزەڕۆم دژی داگیرکاری رووسیا شەڕی کرد و بەدیل گیرا و بۆ سیبریا بردرا. دواتر لە کەمپەکە دەرچوو و گشت ئەورووپا گەڕا و پاشان بۆ نیشتمانەکەی و بۆ ئیستانبوڵ گەڕایەوە. کەسێک دەرکەوت و گوتی: "لەسەر رێبازی سەعید نورسیم". دواتر سەعید نورسی چەوساندەوە. سەعید نورسی لە کەمپی ئەسیر بۆ وڵاتەکەی گەڕایەوە، بەڵام گوله‌ن کە دەیگوت "لەسە رێبازی سەعید نورسیم" لە وڵاتەکەی رایکرد و پەنای بردە پێنسیلڤانیا. ژیانی سەعید نورسی لەژێر ستەمکاری سەردەمی تاک پارتی جەھەپە لە زیندانەکان بەسەرچوو، بەڵام گوله‌ن لەجیاتی باجدانەوە، بۆ دەرەوە رایکرد و وڵاتەکەی بەجێھێشت. زانای بەدلیس، سەعید نورسی بۆ وڵاتەکەی بۆ نیشتمانەکەی شەڕی کرد، بەڵام ئەم ساختەکارە شەڕی لە دژی نیشتمان، گەلەکەی و ئاڵاکەی ھەڵگیرساند".

سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە رێبەری رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی فەتحوڵڵا گولەن، لەژێر سیخوری سەربازیی لە ١٥ی تەمووز چەکەکانی گەلی دژی گەل بەکارھێنا و گوتی: "ئەم فەتۆ ناپاکە بەقەد نینۆکێکی سەعید نورسی بەدلیسی نابێت. ئەگەر سەعید نورسی لەژیاندابایە، تەنانەت نەیدەھێشت ئەمە بێتە لای. ھاوکات ئەم ناپاکە گوتی 'بەھۆی ئەوەی سەعید نورسی کورد بوو، نەچوومە لای'. ئەمە ھێندە بی رێز و ھێندە سووکە. لە کاتێکدا دەڵێت بەھۆی ئەوەی سەعید نورسی کوردە و ناچمە لای، کەچی دەیان ساڵە کتێبەکانی سەعید نورسی بۆ خۆی دەچەوسێنێتەوە. بەداخەوە بۆ تۆ. ھیچ خەمتان نەبێت، ئەم ناپاکە باجی کردارەکانی دەداتەوە. بیگومان باجی شەھیدەکان و بریندارەکانمان دەداتەوە. ئێستا ئەم تیرۆریستە ناپاکە لە ئەڵمانیا، ھۆڵەندا و وڵاتانی دیکە دژی تورکیا بانگەشە بەڕێوە دەبات. بۆ ئەوەی لە ١٦ی نیسان "نەخێر" سەرکەوێت، بەچڕی کار دەکات. رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی برای رێکخراوی جوداخوازی پەکەکەیە. ئەمانە جمکن. یەکێکیان ناپاکی بەرامبەربە سەعید نورسی کرد و ئەوی دیکەش ناپاکی بەرامبەربە برایانی کورد کرد".

بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەش دا کە پەکەکە و رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی لە شەوی ١٥ی تەمووز پێکەوە کاریان کرد و گوتیشی: "ئەو شەوە پەکەکە لە قەندیل گوتی 'نەکەن ھێرش بکەنە سەر سەربازان، ئەوان کودەتا ئەنجام دەدەن'. لە بەیانی ١٦ی تەمووز کاتێک کودەتاکە شکستی خوارد و ناپاکەکان یەک یەک دەستگیرکران، قەندیل لە پەیامێکی نوێیدا رایگەیاند 'ھێرشکردنە سەر سەربازان ئاساییە'.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ.