ریال مه‌درید یاریزانێكی بۆ كلاسیكۆ له‌ده‌ستدا
له چامپیۆنزلیگیش به‌رامبه‌ر بایرن میونشن یاری ناكات

ریال مه‌درید ماوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ڤارانی به‌رگریكاری به‌هۆی پێكانه‌وه راگه‌یاند و به‌شداریی دوو یاری چاره‌نووسسازی یانه‌كه‌ی ناكات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 4 نیسانی 2017، ریال مه‌درید له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆی هه‌واڵی دووركه‌وتنه‌وه‌ی رافایل ڤارانی به‌رگریكاری بۆ ماوه‌ی 3 تا 4 هه‌فته راگه‌یاند.
ڤاران له دوایین یاریی یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس تووشی پێكان بوو، دواتر ده‌ركه‌وت تووشی گرژبوونی ماسولكه‌كانی رانی بووه.
ڤاران ئه‌م وه‌رزه به‌شداریی زۆربه‌ی یارییه‌كانی به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی كردووه، به‌هۆی پێكانه‌كه‌شی به‌رامبه‌ر یانه‌كانی بارسێلۆنا، ئاتڵێتیكۆ مه‌درید و بایرن میونشن یاری ناكات.