بایده‌میر: به "نا" وه‌ڵامی باغچه‌لی له باره‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ینه‌وه
به‌هۆی دانانی ناوی كوردی بۆ پاركه‌كان سه‌دان دۆسیه له دادگا كراونه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر
پارتی گه‌لانی دیموكراتیك-هه‌ده‌په بانگه‌شه‌ی خۆی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیا له پارێزگای رحا ده‌ستیپێكرد.
گوته‌بێژی هه‌ده‌په عوسمان بایده‌میر له رۆژی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ده‌په بۆ ریفراندۆمی ده‌ستوور له پارێزگای رحا داوای ده‌نگی "نا" بۆ ریفراندۆمی رۆژی 16 نیسان كرد و گوتی كورد به "نا" ده‌نگ به‌م ریفراندۆمه ده‌دات.
په‌رله‌مانتاری ئامه‌د له وته‌یه‌كدا به بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی حزبه‌كه‌ی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی ده‌ستوور ئاماژه به گرنگی ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم بۆ ئاینده‌ی توركیا و خه‌ڵكه‌ی كرد و گوتی "به سه‌بری حه‌زره‌تی ئه‌یۆب و به‌رخۆدانی حه‌زره‌تی ئیبراهیم به نا وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه".
هه‌ر له‌م میتینگه‌دا، میدحات سه‌نجار په‌رله‌مانتاری شاری مێردین‌ی هه‌ده‌په رایگه‌یاند "سه‌رۆك كۆمار له ئه‌نقه‌ره به جیاواز و له ئامه‌د به شێوه‌یه‌كی دیكه و له ریزه به شێوازێكی دیكه قسه ده‌كات، به كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موویان گه‌وره‌ترین درۆ به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت و له رۆژی 16 نیسان به نا وه‌ڵامی ئه‌م درۆیه ده‌ده‌ینه‌وه".
شاندی هه‌ده‌په هه‌روه‌ها سه‌ردانی شاری پێرسوس نزیك له سنووری رۆژئاوای كوردستانی كرد و بایده‌میر له وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند "80 سه‌رۆك شاره‌وانی له زینداندان و به‌هۆی دانانی ناوی كوردی له‌سه‌ر پارك سه‌دان دۆسیه له دادگا كراونه‌ته‌وه و دانانی قه‌یوم له شوێنی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان سته‌مكارییه و به نا وه‌ڵامی ئه‌م سته‌مكارییه ده‌ده‌ینه‌وه".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، گوته‌بێژی هه‌ده‌په گوتی "ده‌وڵه‌ت باغچه‌لی قسه به ئیراده‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌ڵێت. ئه‌وان گرگن له پێستی مه‌ڕدا". بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به "پێویستی چوون بۆ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان كرد و به نا وه‌ڵامی ئه‌و گورگانه ده‌ده‌ینه‌وه، ئه‌وه په‌كێجه له‌ناوبردنی ده‌ستكه‌وتی 30 ساڵه‌ی ئێوه‌یه، هه‌ربۆیه به نا وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه".
بڕیاره رۆژی 16 نیسانی 2017 ریفراندۆمی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیا به‌ڕیوه‌بچێت كه پرۆژه یاساكه به هاوبه‌شیی هه‌ر یه‌ك له پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌پێدان و پارتی ئۆپۆزسیۆنی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده‌كرا و له ماوه‌ی تاوتوێكردنی له په‌رله‌مان چه‌ندین شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی په‌رله‌مانتارانی لێكه‌وته‌وه و دواترینشیان شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی په‌رله‌مانتاره ژنه‌كان بوو.
به‌پێی راپرسییه‌كان ده‌نگی "نا" به جیاوازییه‌كی زۆر كه‌م له پێشه، به‌ڵام به‌رپرسانی حكومه‌ت ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ئه‌م دواییه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا، ده‌نگی "به‌ڵێ" بۆ ریفراندۆمی ده‌ستووری به‌رز ده‌بێته‌وه.