وەزارەتی پێشمەرگە: ئەم كێشە و گرفتانە ھەمووی بەھۆی بوونی پەكەكەیە لە شنگال

"بۆردوومان كردنی پێشمەرگە قابیلی قبوڵ نییە و ئەو كێشە و گرفتانە ھەمووی بەھۆی بوونی پەكەكەیە لە ناوچەكە"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێك لەبارەی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە سنووری شنگال بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، بۆردوومان كردنی پێشمەرگە قابیلی قبوڵ نییە و ئەو كێشە و گرفتانە ھەمووی بەھۆی بوونی پەكەكەیە لە ناوچەكە.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ھاتووە: "كاتژمێر 2 بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25/4/2017 چیای شنگال و دەوروبەری لەلایەن فڕۆكەككانی سوپای توركیاوە بۆردوومان كراوە و و وێرانكاری زۆری لێكەوتووەتەوە و 5 پێشمەرگە شەھیدبوون و 9 دیكەش برینداربوونە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە: "شەھید و برینداربوونی پێشمەرگە جێگەی داخێكی زۆرە و بۆردوومانكردنی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە قابیلی قبوڵ نییە و راشیدەگەیەنین كە ئەم كێشە و گرفتانە ھەمووی لە ئەنجامی ھەبوونی پەكەكەیە لەو ناوچەیە و نوونیشیان سەرئێشە و گرفتی بۆ خەڵكی ناوچەكە و ھەرێمی كوردستان ناوەتەوە و سەرباری ئەوەی لە ھەموو لایەكەوە زۆریش داوایان لێكراوە شنگال چۆڵ بكەن، بەڵام گوێیان بۆ كەس نەگرتووە".

لە كۆتاییدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "لێرەدا دووبارە داوا دەکەین کە پەکەکە هێزەکانى لە چیای شنگال ودەوروبەرى بکشێنێتەوە و چیترنەبنە مایە ناشەقامگیرى وقوڵتربوونى کێشەکان لەم ناوچەیەدا و رێگە بدەن ژیان بۆ خەڵکى ناوچەکە بگەڕێتەوە".