ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، دوو فەتوای نوێ دەردەکات

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، دوو فەتوای نوێی لەبارەی مامەڵە داراییەکان و مافی کارمەندانی کەرتی تایبەت دەرکرد؛ تێیدا ناچارکردنی مامۆستایان و کرێکاران بە واژۆکردنی دوو گرێبەستی جیاواز بە مەبەستی خۆدزینەوە لە باج بە "حەرام و غەش" لەقەڵەم درا، هاوکات سێ مەرجی شەرعیش بۆ ڕێگەپێدانی فرۆشتنەوەی کاڵا بە قیست بە هەمان فرۆشیار دەستنیشان کرد.

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، دوو فەتوای شەرعیی نوێی سەبارەت بە پرسی (فرۆشتنەوەی کاڵا پێش تەواوبوونی قیستەکانی بە هەمان فرۆشیار) و (جیاوازیی واژۆکردنی گرێبەستەکان لە قوتابخانە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت) دەرکرد.


یەکەم: حوکمی فرۆشتنەوەی کاڵا پێش تەواوبوونی قیستەکانی بە هەمان فرۆشیار

سەبارەت بە فرۆشتنەوەی کەلوپەل، زەوی و شوقە بە هەمان ئەو کەسەی کە لێی کڕدراوە پێش ئەوەی قیستەکانی تەواو بێت، ئەنجوومەنەکە روونی کردەوە، ئەم جۆرە مامەڵەیە بە شێوەیەک لە شێوەکانی فرۆشتنی (عەینە) هەژمار دەکرێت. لە روانگەی مەزهەبەکانی ئەبو حەنیفە، مالیک و ئەحمەدی کوڕی حەنبەلەوە دروست نییە، لە مەزهەبی شافیعییشدا هەرچەندە لە بنەڕەتدا دروستە بەڵام لای زانایانی دواتر (موتەئەخیرین) کەراهەتی هەیە.

بۆیە ئەنجوومەنی فەتوا بە پەسەندی دەزانێت کە هاووڵاتییان ئەو مامەڵەیە نەکەن تا لە رای ئەو زانایانە دەرنەچن کە بە حەرامی دەزانن. هاوکات جەختی کردەوە، لە ئەگەری ئەنجامدانیدا، دەبێت ئەم سێ مەرجەی خوارەوە بە تەواوی بێنە دی:

-پێشوەختە لەسەر ئەو کارە ڕێککەوتن و پیلان دانەنرابێت.

-کڕیارەکە بە تەواوەتی دەستی بەسەر کاڵاکەدا رابگات و وەریگرتبێت (چ بە حەقیقی یان بە حووکمی)، بە جۆرێک مافی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی هەبێت.

-کاتی دانەوەی قیستی یەکەمی مامەڵەکە بە تەواوی دیار و دەستنیشانکراو بێت.


دووەم: حوکمی جیاوازی لە واژۆکردنی دوو گرێبەست لە کەرتی تایبەت

لە فەتوای دووەمدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا تیشکی خستە سەر کێشەی ئەو کۆمپانیا و قوتابخانە تایبەتانەی کە دوو جۆر گرێبەست بە مامۆستایان و کرێکاران واژۆ دەکەن؛ گرێبەستێکیان بە بڕە پارەیەکی زیاتر بۆ پێشکەشکردن بە لایەنە حکوومییەکان و خۆدزینەوە لە باج و یاسای کار و، گرێبەستەکەی دیکەش بە بڕە پارەیەکی کەمتر کە دەدرێتە فەرمانبەرەکە لە بەرامبەر کاتژمێری کاری زیاتردا، بە جۆرێک کارمەندان ناچار دەکرێن لە ترسی دەرکردنیان ڕاستییەکان لە لیژنەکانی پشکنین بشارنەوە.

ئەنجوومەنی فەتوا بە پشتپەستن بە دەقی پیرۆزی قورئان: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُم بَيْنَكُم بِالْبَاطِلِ﴾ و فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ): «مَنْ غَشَّ فَلَيْسَ مِنَّا»، بڕیاری دا کە: "ئەم کارەی ئەو کۆمپانیا و قوتابخانە تایبەتانە دەیکەن کارێکی نادروستە و دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵک بە ناڕەوا، غەش و فێڵکردن".

سەبارەت بە مافی مامۆستایان و کرێکارانیش، ئەنجوومەنەکە دڵنیایی دا کە بژێوی و ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت حەرام نابێت، بەڵام ئەگەر لە توانایاندا هەبێت پێویستە ئەو راستییانە بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بگەیەنن.

 ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کرد کە بەدواداچوون بکەن و ڕێگریی توند لەو زوڵم و فێڵە بکەن کە بەرامبەر بە چینی کارمەندان ئەنجام دەدرێت.