دەمیرتاش لەبارەی ئەنجامی ریفراندۆمی دەستووری توركیا ھاتە دەنگ

"بۆ ھەڵبژاردنەكانی 2019 ھاوپەیمانی نوێ دروست دەكەین"

K24 - ھەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت، بۆ ھەڵبژاردنەكانی 2019 لەسەر بنەمای پێوەرە دیموكراتی و ئازادییەكان، چ لایەنگرانی بەڵێ چ لایەنگرانی نەخێر دەتوانن ھاوپەیمانی درووست بكەن.

 دەمیرتاش كە لە گرتووخانەی ئەدرنە زیندانی كراوە، پەیامێكی لەسەر ئەنجامی ریفراندۆمەكەی 16 مانگی رابردوو بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد کە دابەشكردنی كۆمەڵگە بەسەر دەنگی بەڵێ و نەخێر بێ رێزییەكی گەورەیە، پێویستە تا ساڵی 2019 سیاسەت بۆ ھەموو بژاردەكان ئامادە بێت، لەو ماوەیەدا پێویستە زۆر شت بگۆڕێت و ھاوپەیمانیی نوێش بێتە ئاراوە.

دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد نەك لەسەر كەس بەڵكو پێویستە لەسەر پێوەرەكان گفتوگۆ بكرێت و لە داوا و مەترسییەكانی لایەنگرانی بەڵێش تێبگەن، دەمیرتاش سوپاسی لایەنگرانی بەڵێ و نەخێری كردووە و دەشڵێت، دەرگای ئەوان بۆ ھەموو لایەنەكان كراوەیە.