جه‌ژن هوتێله‌كانی هه‌رێمی كوردستانی پڕكردووه له گه‌شتیار و نرخه‌كانیشی به‌رزكردووه‌ته‌وه
ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار سه‌قاڵی به‌دواداچوونن و خاوه‌ن هوتێله‌كان گرێبه‌ستی پیشوه‌خته‌یان كردووه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مساڵ جیاواز له‌ساڵانی پێشوو، چاوه‌ڕێی هاتنی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری گه‌شتیار ده‌كرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی به‌تاڵ له هوتێل و مۆتێله‌كان زۆر به كه‌می ماوه، ترسی ئه‌وه هه‌یه نرخه‌كان به‌رزبكرێنه‌وه و گه‌شتیارن ناچار بكرێن ئه‌و نرخه به‌رزانه قبوڵ بكه‌ن، به‌ڵام ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ده‌ستیكردووه به لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون، مه‌وله‌وی جه‌بار، سه‌رۆكی ئه‌و ده‌سته‌یه به كوردستان24ی راگه‌یاند رێگه ناده‌ن نرخه‌كان به‌رزبكرێنه‌وه.
پێشبینی ده‌كرێت هاتنی ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌وه زیاتربێت كه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گه‌شت و گوزاری هه‌رێمه‌وه چاوه‌ڕێ ده‌كرا ، چونكه پێش هاتنی جه‌ژن كۆمپانیا گه‌شتیاره‌ییه عێراقیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌شیكی زۆر له هوتێله‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستیان واژووكردوه ، له‌گه‌ڵ بیستنی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاریش، ده‌نگۆی ئه‌وا هه‌بوو خاوه‌ن هوتێله‌كان له‌گرێبه‌سته‌كانیان پاشگه‌ز بووبنه‌وه‌و نرخه‌كانیشیان به‌رزكردۆته‌وه ، بۆیه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌سته‌ی گه‌شت گوزاری هه‌رێم به‌دواداچوونی بۆ ئه‌و كه‌یسه ده‌ستپێكردووه.
به‌و هۆیه‌شه‌وه ڕه‌نگه كه‌مێك ئه‌سته‌م بێت بۆ گه‌شتیاران، له ئیستادا بتوانن شوێنی حه‌وانه‌وایان ده‌ست بكه‌وێت، یه‌كێك له‌خاوه‌ن هوتێله‌كانی ده‌ڵێت نزیكه‌ی سه‌د كۆمپانیای گه‌شتیاری په‌یوه‌ندیان پێوه كردووه بۆ هێنانی گه‌شتیار، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی شوین نه‌یتوانیوه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ واژۆ بكات.
گه‌شتیارانی خواروو و ناوڕاستی عێراق له پله‌ی یه‌كه‌می ئه‌و گه‌شتیارانه‌ن كه دێنه هه‌رێمی كوردستان، بۆیه به گوێره‌ی باردۆخی هوتێله‌كان بێت، ئه‌مساڵ هه‌رێمی كوردستان ، قه‌ره‌بووی ساڵانی پیشووی ده‌كاته‌وه له هێنانی ژماره‌ی گه‌شتیاران، ژماره‌ی پێوانه‌ی تۆمارده‌كات ، جه‌ژنێكی گه‌وره‌ش بۆ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستا دێنیته كایه‌وه.