دەمیرتاش دادگایی دەكرێت

پێشتر ئامادەنەبوو بچێتە دادگا

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 لە ئەنقەرە رایگەیاند: "سبەی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) دادگایی دەكرێت".

پەیامنێرمان روونیكردەوە: "دادگای تاوانەكانی 35 ئەنقەرە، ھەدەپەی ئاگاداركردووەتەوە سبەی كاتژمێر 10 بەیانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگا ئامادە دەبێت و دادگایی دەكرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "چاوەڕوان دەكرێت، زیاتر لە ھەزار پارێزەر بۆ بەرگریكردن لە دەمیرتاش لە دادگا ئامادەبن، چونكە پێشتر لە دادگاییكردنی فیگەن یوكسه‌كداخ، ھەزار و 71 پارێزەر ئامادەبوون، چاوەڕوان دەكرێت سبەی لەكاتی دادگاییكردنی دەمیرتاش ژمارەیەكی زیاتری پارێزەران ئامادەبن".

پێشتر دەمیرتاش چەندین جار لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانس ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنی بووە بۆ بەرگریكردن لەخۆی، چونكە رایگەیاندبوو ئامادە نییە بچێتە دادگا.

رۆژی 4/11/2016 سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا و گواسترایه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری ئەدیرنە و له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا له‌ زینداندایه‌.