به‌ ته‌مه‌نترين پزيشكى جيهان كۆچى دواييكرد

باش بژى و درێژ بژى ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌و پزيشكه‌ بووه‌.

K24 – هه‌ولێر:

به‌ ته‌مه‌نترين پزيشكى جيهان له‌ ته‌مه‌نى 105 ساڵيدا كۆچى دواييكرد.

شايگيكى هينوهارا، يه‌كێك بوو له‌ پێشڕه‌وه‌كانى زانستى پزيشكى له‌ ژاپۆن.

ئه‌و له‌ ساڵى 1911 له‌ دايكبووه‌ و له‌ گه‌رمه‌ى جه‌نگى دووه‌مى جيهاندا كۆليژى پزيشكى ته‌واو كردووه‌.

ناوبراو له‌ ماوه‌ى ژيانيدا شێوازێكى پشكنينى پزيشكى خستووه‌ته‌ سيستمى چاودێرى ته‌ندرووستى و به‌رده‌وام پشتيوانى له‌ ته‌ندرووستى خۆپارێزى كردووه‌.

هينوهارا، تا كۆچى دواييكرد، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى لوكى نێوده‌وڵه‌تى تۆكيۆ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌تكردن و وه‌ك پزيشكى فه‌خرى هاوكارى نه‌خۆشه‌كانى كردووه‌.

دواى شكستى ژاپۆن، هينوهارا كارى بۆ كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌يه‌كى پزيشكى جيهانى و نه‌خۆشخانه‌يه‌كى جيهانيشى كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌يان كتێبى له‌ باره‌ى ته‌ندرووستى و پزيشكييه‌وه‌ نووسيوه‌ و به‌ناوبانگترينيان كتێبه‌كانييه‌تى به‌ ناونيشانى (Living Long, Living Good) كه‌ مليۆنان دانه‌يان لێ فرۆشراوه‌.