پەیامێكی ئۆجەلان بۆ پەكەكە ئاشكرا دەبێت
ناڕەزایی لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیووە
K24 - ھەولێر
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) ئاشكرای دەكات، ئەوكاتەی پەكەكە لە ناوچەی لجێ و چەلیك دەستیان بە ھەڵكەندنی خەندەق كرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە لە پەیامێكدا داوای لێكردن ئەم كارە راگرن و نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو كارەی حزبەكەی.
سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ھەدەپە و ئەندامی شاندی ئیمرالی، لە گوتەیەكیدا كە لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، تیشكی خستە سەر ھۆكارەكانی ھەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی و رایگەیاند، بەرلە تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی، ئەو كاتەی پەكەكە لە لجێ و چەولیك دەستی بە هەڵکەندنی خەندەق كردبوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە ناڕەزایی خۆی نیشاندا و لە دیدارێكدا پێی راگەیاندوون ئەو خەندەق هەڵکەندنە دەستوەردانە لە سەروەری خاكی توركیا، ھیچ وڵاتێك ئەمە قبووڵ ناكات و ئۆجەلان پێی گوتوون، ئەو قسانە بە پەكەكە رابگەیەنن، دوای ئەو داوایەش پەكەكە كۆتایی بە هەڵکەندنی خەندەق ھێناوە.
دوای تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا شەڕێكی سەخت لە چەند شارێكی باكووری كوردستان لە نێوان پەكەكە و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستیپێكرد و بەو ھۆیەشەوە نزیكەی 3 ھەزار كەس گیانیان لەدەستدا.