وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ ده‌ستی له‌ وڵاتینامه‌ توركییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت

"توركیا ئازادی له‌ دایك و باوكم سه‌ندووه‌ته‌وه‌و پاسپۆرتی توركی نرخی نه‌ماوه‌"

K24 - هه‌ولێر:

ژنه‌ وه‌زیرێكی كورد له‌ حكومه‌تی به‌لجیكا، ده‌ستبه‌رداری وڵاتینامه‌ توركییه‌كه‌ی خۆی ده‌بێت و هۆكاره‌كه‌یشی، ململانیی نێوان كورد و توركیا و درووستبوونی ئه‌و كه‌لێن و بۆشاییانه‌یه‌‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌و برۆكسێل و پێی وایه‌، تا دێت ئه‌و كه‌لێنانه‌ گه‌وره‌تر ده‌بن.

زوهال دێمیر، كچێكی كوردی باكووری كوردستانه‌ و  ته‌مه‌نی 34 ساڵانه‌ و سه‌ر به‌ پارتی هاوپه‌‌یمانی فلامه‌كانی به‌لجیكایه‌ و رۆژی 25/2/2017 وه‌ك وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و له‌مپه‌ره‌كان و ده‌رفه‌تدان به‌ تواناكان و سیاسه‌ت و زانست و شارستانیه‌تی، له‌ به‌رده‌م پاشای به‌لجیكادا سویندی خوارد و پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت".

به‌ڵام زوهال له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ده‌ستبه‌رداری وڵاتینامه‌ توركییه‌كه‌ی خۆی بووه‌".

زوهال خاوه‌نی دوو وڵاتینامه‌ بوو، یه‌كه‌میان توركی و ئه‌وی دیكه‌شیان به‌لجیكییه‌.

ئه‌و وه‌زیره‌ به‌لجیكییه‌ به‌ ره‌چه‌له‌ك كورده‌ نوسیوویه‌تی "ماڵئاوا" و له‌ ژێر ئه‌و ناونیشانه‌شدا ململانێی رابردووی نێوان كورد و حكومه‌تی توركیای بیرهێناوه‌ته‌وه‌و وه‌ك هۆكاری بڕیاره‌كه‌ی ناوبردووه‌".

زوهال ده‌ڵێت "ئه‌نقه‌ره‌ دایك و باوكمی له‌ ژیانی كوردانه‌ بێ به‌شكردووه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وان له‌ وڵاتی ره‌سه‌نی خۆیاندان، كه‌چی ئازادی لێ سه‌ندوونه‌ته‌وه‌".

ئه‌و كچه‌ كورده‌ ده‌ڵێت "ئێستا وه‌ك ئافره‌تێكی به‌لجیكیم و شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م  و له‌ توركیا دووركه‌وتوومه‌ته‌وه‌و لێره‌ خوێندوومه‌ و ژیاوم و خۆشه‌ویستیم له‌ پیاوێكی به‌لجیكیدا دۆزیوه‌ته‌وه‌".

زوهال ده‌ڵێت "توركیا وه‌ك به‌شێك له‌ ناسنامه‌م ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام پاسپۆرتی توركی نرخی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌".

ئه‌و بریاره‌ی وه‌زیره‌ به‌لجیكییه‌كه‌، له‌ كاتێكدایه‌، گرژی نێوان برۆكسێل و ئه‌نقه‌ره‌ زیادیكردووه‌، شارڵ میشێل، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌لجیكا ده‌ڵێت "رێگه‌ ناده‌ین هیچ راپرسییه‌ك له‌ نێوان ره‌وه‌ندی توركی له‌ وڵاته‌كه‌ماندا ده‌رباره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزای له‌ سێداره‌دان له‌ توركیا ئه‌نجام برێت".

زوهال دێمیر، كوردی باكووری كوردستانه‌ و له‌ مانگی نیسانی ساڵی رابردووش، گه‌نگه‌شه‌یه‌كی زۆری درووستكرد، پاش ئه‌وه‌ی دژی په‌نابه‌ران به‌شداری له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا كرد كه‌ له‌ژێر ناوی" بچنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانی خۆتان" رێكخرابوو. ئامانجی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌بوو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنیان وه‌ك په‌نابه‌ر له‌و وڵاته‌ تێدانییه‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانی پێشوویان، ئه‌و به‌شداری و لێدوانانه‌ی زوهال ده‌رباره‌ی په‌نابه‌ران و موسڵمانان ره‌خنه‌ی زۆری لێگیراو دواجار ده‌رباره‌ی قسه‌كانی داوای لێبووردنی كردبوو.