هه‌ردی سیامه‌ند: له‌وه‌ته‌ی یانه‌ی هه‌ولێرم جێهێشتووه هه‌ست به بوونی خۆم ده‌كه‌م
به‌هۆی ناحه‌قی و مافخورانم، جانتایه‌كه‌م به‌ره‌و غه‌ریبی پێچایه‌وه
هه‌ردی سیامه‌ند به‌رگریكاری كوردی یانه‌ی مینا له په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ كوردستان24ـدا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، له‌وه‌ته‌ی یانه‌ی هه‌ولێری جێهێشتووه هه‌ست به بوونی خۆی ده‌كات، ده‌شڵێت: ئاماده‌م خۆم بكه‌مه قوربانی شاری هه‌ولێر، به‌ڵام له‌ڕووی وه‌رزشه‌وه جارێكی دیكه به‌بێ گرێبه‌ست و گره‌نتی یاری بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ناكه‌مه‌وه.
یانه‌ی مینا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ردی ده‌كه‌ن؟
هه‌ردی سیامه‌ند، یه‌كێك له ناسراوترین به‌رگریكاره‌كانی كوردستان و عێراق، له به‌رسیڤێكی كوردستان24ـدا، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له یانه‌ی مینای شاری به‌سرا به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌گه‌رانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: له یانه‌ی مینا پشتگیرییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌وی گه‌وره هه‌ست پێده‌كه‌م و رێز له هه‌وڵ و ماندووبوونم ده‌گرن.
جه‌سته‌ی له مینایه و دڵی له قهڵاومنارهیه
هه‌ردی سیامه‌ند كه ئێستا له نێو هانده‌رانی یانه‌ی مینا خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌یه، له گه‌رمه‌ی یارییه‌كان به دروشم و سروودی تایبه‌ت پێشوازی لێده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: من جه‌سته‌م له مینا و به‌سرایه، به‌ڵام بیر و هزر و دڵم لای هه‌ولێر و قه‌ڵاومناره، من ئه‌و شاره‌م زۆر خۆشده‌وێت، چونكه شوێنی له دایكبوونی منه و شانازی به‌و شاره ده‌كه‌م.
جارێكی دیكه به ئاسانی خۆی راده‌ستی یانه‌ی هه‌ولێر ناكات
هه‌ردی سیامه‌ند كه پێشتر بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش كراوه، له وه‌ڵامێكی كوردستان24ـدا له باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ڵێت: هه‌رگیز خۆشه‌ویستی یانه‌ی هه‌ولێر و هانده‌ران له‌بیر ناكه‌م، به‌ڵام داوای لێبوردنیان لێ ده‌كه‌م، جارێكی دیكه به ئاسانی و به ساده‌یی خۆم راده‌ستی ئه‌و یانه‌یه ناكه‌م.
دڵگرانم كه كه‌سانێك من و هه‌ولێریان لێكدابڕاند
هه‌ردی سیامه‌ند پێش ئه‌وه‌ی رووبكاته یانه‌ی مینا، ناسناوی خولی نایابی كوردستانی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر برده‌وه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌رگیز ئاواتی من ئه‌وه نه‌بووه یانه‌ی هه‌ولێر جێبهێڵم، دڵگرانیشم له‌و كه‌سانه‌ی كه من و هه‌ولێریان لێكدابڕاندن و جیاكرده‌وه، ناحه‌قی و ماخورانی من له یانه‌ی هه‌ولێر، ناچاری كردم كه جانتایه‌كه‌م به‌ره‌و غه‌ریبی بپێچمه‌وه.
هه‌ردی په‌یامێكی بۆ یاریزانانی كورد هه‌یه
هه‌ردی سیامه‌ند كه ئێستا به فه‌رمی له یانه‌ی پیرۆزی ئێران و كه‌نداوی عه‌ره‌بی گرێبه‌ستی پێشكه‌ش كراوه، ده‌ڵێت: هیوادارم زۆربه یاریزانه كورده‌كان ئه‌زموونی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ببینن، چونكه تا له ده‌ره‌وه یاری نه‌كه‌یت، هه‌ست به بوونی خۆت ناكه‌یت، تا به ئاسانی و به‌بێ پاره و گرێبه‌ستی كه‌میش له كوردستان یاری بكه‌یت، به چاوێكی كه‌م سه‌یرت ده‌كه‌ن، بۆیه من به‌ڵێنم داوه جارێكی دیكه بۆ هیچ یانه‌یه‌ك به‌بێ گرێبه‌ست و گره‌نتی یاری نه‌كه‌م.
هه‌ردی بۆ باشتركردنی دۆخی وه‌رزشی كوردستان پێشنیاری هه‌یه
هه‌ردی سیامه‌ند له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بۆ كوردستان24 له باره‌ی دۆخی وه‌رزشی كوردستان، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه له باشووری كوردستان پاشكشهیهكی وه‌رزشی ترسناك هه‌ست پێده‌كرێت، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: پێویسته رێگه‌چاره‌ی پێویست بۆ باشتركردنی دۆخی وه‌رزشی بگرێته به‌ر و ده‌ستی وه‌رزش له چنگی حیزب و چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌ت ده‌ربهێندرێت.
هه‌ردی سیامه‌ند، پێشتر له یانه‌ی ئاسۆی شاری هه‌ولێر ده‌ركه‌وتووه، دواتر ناسناوی خولی نایابی كوردستانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی برووسك بردۆته‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆریشی له یانه‌ی زاخۆ به‌سه‌ر بردووه، دواتر بۆ پاڵپشتیكردنی یانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه پایته‌ختی باشووری كوردستان، دوای چه‌ندان ساڵ به ناچاری روویكرده یانه‌ی مینای شاری به‌سرا، له ئێستاشدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی مینا خۆیان بۆ پاڵه‌وانییه‌تی عه‌ره‌ب ئاماده ده‌كه‌ن.