ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى كوردستان كارا ده‌كرێته‌وه
دواى نزيكه‌ى دوو ساڵ له كارنه‌كردنى

K24 – هه‌ولێر:
بڕياره كاتژمێر 7:00ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونى زۆرينه‌ى ره‌هاى په‌رله‌مانتاران، په‌رله‌مانى كوردستان يه‌كه‌م دانيشتنى خۆى دواى نزيكه‌ى دوو ساڵ له كارنه‌كردنى ئه‌نجام بدات.
كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر داواى زياتر له 60 په‌رله‌مانتارى زۆربه‌ى فراكسيۆنه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه دواى ئه‌وه هات، كه هه‌ردوو فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له‌سه‌ر كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه رێككه‌وتن و واده‌ى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌كه‌يان ده‌ستنيشان كرد.
هاوكات بڕياره ئه‌مڕۆ، جڤاتى نيشتيمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ سێيه‌م رۆژ له‌سه‌ر يه‌ك كۆببێته‌وه تاوه‌كو بڕيار له باره‌ى به‌شداريكردنى له پرۆسه‌ى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان بدات.
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌ى جڤاتى گۆڕان دواى ئه‌وه دێت، كه له رۆژانى دوێنێ پێنجشه‌ممه و پێرێ چوار شه‌ممه جڤاته‌كه نه‌يتوانى بڕيارێكى يه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌ربكات و هه‌ڵوێستى خۆى رابگه‌يه‌نێت.
هه‌وڵى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان له كاتێكدايه، نێردراوى ئه‌مريكا و وڵاتانى زلهێز دوێنێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشنيازى دواخستنى پرۆسه‌ى ريفراندۆم خرايه به‌رده‌ست سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى له به‌رامبه‌ر گرێنتى نێوده‌وڵه‌تييدا هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى دوا بخات.
له وه‌ڵامى شاندى وڵاتانى زلهێزدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، پێشنيازه نوێيه‌كه كه به‌ديلى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى به‌شدار بوو له ده‌ركردنى بڕيارى ريفراندۆم تاوتوێ ده‌كات و وه‌ڵامى پێشنيازه‌كه ده‌داته‌وه.
هه‌وڵه‌كانى سه‌رخستن و ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامن و له ئاستى ده‌ره‌وه‌ش فشاره‌كان زياتر بوونه بۆ دواخستنى پرۆسه‌كه.
يه‌كێك له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كييه‌كانى دانيشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى كوردستان تاوتوێكردنى پرسى ريفراندۆم و ده‌ركردنى بڕيارى پشتيوانيكردنه له‌و پرۆسه‌يه له لايه‌ن په‌رله‌مانه‌وه.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆدا به شێوه‌يه‌كى كاتى چاره‌سه‌رى پرسى سكرتێرى په‌رله‌مان بكرێت، كه فه‌خره‌دين قادر له كۆمه‌ڵى ئيسلامى ئه‌و پۆسته‌ى هه‌بوو و يه‌كێتى به مافى خۆى ده‌زانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه و له ئێستادا كۆمه‌ڵى ئيسلامى بڕيارى نه‌داوه، به‌شدارى له كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان بكات.
له لايه‌كى ديكه‌وه حكومه‌تى به‌غدا وه‌ك سزايهك له دژى پشتيوانييه‌كانى نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووك بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ريفراندۆم له كه‌ركووك، داواى له په‌رله‌مانى عێراق كرد، پارێزگارى كه‌ركووك له كاره‌كه‌ى دوور بخاته‌وه و په‌رله‌مانيش به بێ ره‌زامه‌ندى لايه‌نى كورديى بڕيارێكى له دژى نه‌جمه‌دين كه‌ريم ده‌ركرد.
له به‌رامبه‌ردا پارێزگارى كه‌ركووك له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 ره‌تيكرده‌وه پابه‌ندى بڕياره‌كه بێت و راشيگه‌ياند، كه سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و خودى سه‌رۆك بارزانى پشتيوانى ده‌كه‌ن له دژى بڕياره‌كه.