کریستیانۆ رۆناڵدۆ بالۆن دۆرێکی لەپێناوی کاری خێرخوازیی دەفرۆشێت

لەلایەن سەرمایەدارێکی ئیسرائیلییەوە بایی 600 هەزار یۆرۆ کڕایەوە

K24- هەولێر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆپێکی زێڕین لەپێناوی کاری خێرخوازیی هەڕاج دەکات و بە دەزگایەکی خێرخوازیی جیهانی دەبەخشێت.
رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەو تۆپە زێڕینەی لە 2013 بەدەستیهێنا، بڕیاری دا لە هەڕاجێکدا بیفرۆشێت و داهاتەکەی بە دەزگای خێرخوازیی (Make-A-Wish) جیهانی ببەخشێت.
بالۆن دۆرەکەی کریستیانۆ کە لە 2013 بەدەستیهێناوە، لەلایەن ئایدان ئۆفەری گەورە سەرمایەداری ئیسرائیلییەوە بە بەهای ٦٠٠ هەزار یۆرۆ کڕایەوە و کریستیانۆ ئەو پارەیەی لەپێناوی کاری خێرخوازیی بەکار دەهێنێت.
کریستیانۆ چوار جار خەڵاتی تۆپی زێڕینی لە ساڵەکانی 2008 و 2013 و 2014 و 2016 بەدەستهێناوە و سبەی هەینیش چاوەڕێ دەکرێت ناوی لە لیستی بەربژێرانی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ بێت، بۆ بەدەستهێنانی بالۆن دۆری 2017، کە پێشبینی دەکرێت نزیکترین بەربژێر بێت بۆ بەدەستهێنانی پێنجەم تۆپی زێڕین.
جگە لە کریستیانۆ، خۆزێ مۆرینهۆ و پیپ گواردیۆلاش 30 هەزار یۆرۆیان بۆ کاری خێرخوازیی کۆکردووەتەوە، دوای ئەوەی هەردوو راهێنەرەکە لە مانچێستەر ئامادەی یارییەکی بۆکسێن بوون، بە گرێبەستێک ئەوەندە پارەیان کۆکردەوە و بڕیاریان دا بۆ کاری

خێرخوازیی خەرجی بکەن.

ڤیدیۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاتێک لە 2013 بالۆن دۆری بەدەستهێنا