کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆیەکەمجار چیرۆکی منداڵی خۆی دەگێڕێتەوە و چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات
کریستیانۆ: تەمەنم 15 ساڵ بوو دەمگوت دەبمە باشترین یاریزانی جیهان کەچی هاوڕێکانم پێم پێدەکەنین
K24- هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ژێر ناونیشانی (Madrid: My Story) چیرۆکی سەردەمی منداڵی خۆی بۆ ماڵپەڕی (The Player's Tribune) گێڕاوەتەوە و پەردەی لەسەر چەند نهێنییەکی سەردەمی منداڵی خۆی هەڵداوەتەوە.
کریستیانۆ دەڵێت، زۆر بەباشی بیرم دێتەوە، کاتێک تەمەنم حەوت ساڵان بوو، بۆیەکەمجار بە ڕاستی دەستم بە تۆپی پێ کرد، بیرمە لەسەر شەقامەکان یاریمان دەکرد، هەر کاتێک ئۆتۆمبێڵ بهاتبایە، دەبووایە بوەستین.
کریس دەگێڕێتەوە، ئەوکات باوکی لە یانەی ئەندۆرینهای پۆرتوگاڵی کارگوزار بووە و سەرپەرشتی جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی یانەکەی کردووە، رۆناڵدۆی بردووەتە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەکە و داوای لێکردووە هەوڵ بۆ ئەوە بدات ببێتە یاریزانی تۆپی پێ.
کریس دەڵێت گەرچی رۆژی یەکەم یاسا و سنووری زۆریان بۆ دانام، بەڵام لەبەر ئەوەی حەزم لە یاریی بووم، گوێم پێیان نەدا.
رۆناڵدۆ لە ستۆرییەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، هەمیشە باوکم بە ریش و جلی ئیشەوە دەهاتە دیارم و رۆژانە دەگەڕایەوە ماڵەوە و بۆ دایکم و خوشکمی دەگێڕایەوە چەند گۆڵم کردووە، تا وای لێهات رۆژێکیان لەوکاتەی خەریکی راهێنان بووم، بینیم دایکم و خوشکم بۆ سەیرکردنی یاریی من هاتوونەتە یاریگە.
.jpg)
کریس دەڵێت گەرچی ئەوکات زۆر هەژار بووین و پێڵاوی کۆنەی برایەکەم یان خزمەکانم لە پێ دەکرد، بەڵام منداڵ بووین و گوێمان بە پارە نەدەدا.
هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە سەختترین کاتی ژیانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، بیرمە کاتێک تەمەنم 11 ساڵان بوو لەپێناوی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خەونەکەم مادێرام بەجێهێشت و چوومە ئەکادیمیای سپۆرتینگ لیسبۆن، کریس دەڵێت بۆ من زۆر سەخت بوو لەو تەمەنە بچووکە لە دووری خێزانەکەم بژیم، شێتانەیە ئەگەر بیر لەوە بکەیتەوە ئێستا من جۆنیۆری کوڕە 7 ساڵانەکەم ئامادە بکەم و جانتای بدەمە دەست و بینێرمە لەندەن یان پاریس، ئەمە زۆر ئەستەمە، تەنانەت لەو تەمەنەدا دایکم و باوکم چوار مانگ جارێک دەبینی، هەموو رۆژێک بیرم دەکردن و دەگریام.
کریس دەڵێت، کاتێک لە ئەکادیمیای سپۆرتینگ لیسۆن یاریم دەکرد، هاوڕێکانم و راهێنەرەکانم بە (وەحش) ناویان دەبردم، هەستم دەکرد هەندێک شتم دەکرد بە یاریزانەکانی دیکە نەدەکرا، بەڵام هەندێک لە یاریزانەکان بە (چوورچە) بانگیان دەکردم و ئەوە زۆر ئازاری دەدام.

کریس دەڵێت کاتێک تەمەنم 15 ساڵان بوو لە کاتی راهێنانەکان بە هاوڕێکانم دەگت رۆژێک دێت من دەبمە باشترین یاریزانی جیهان، کەچی ئەوان پێم پێدەکەنین، چونکە هێشتا نەگەیشتبوومە تیپی یەکەمی سپۆرتینگ لیسبۆن.
کریس دەڵێت بەڵام من وازم لە خەونەکانم نەهێنا و گەیشتمە مانچێستەر یونایتد، هێشتا باشم لەبیرە دڵم چەند خۆش بوو، کاتێک لەگەڵ مان یونایتد بوومە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
رۆناڵدۆ لە کۆتایی چیرۆکەکەی نووسیویەتی، هەرگیز ئەو ساتانەم بیر ناچێت کاتێک لە کاردیف سیتی لەگەڵ جۆنیۆری کوڕم جامی چامپیۆنزلیگمان بەیەکەوە بەرز کردبووەوە و بەناو یاریگە دەسووڕاینەوە، دەشڵێت دوای ئەنجامدانی 400 یاریی لەگەڵ ریال مەدرید، هێشتا بە هەمان گڕوتینی جاران بۆ سەرکەوتن یاریی دەکەم و ئەگەر تەمەنم بگاتە 95 ساڵ بۆ نەوەکانم دەگێڕمەوە چ هەستێکم هەبوو کاتێک لەگەڵ کوڕەکەم وەکو پاڵەوان دەسووڕاینەوە

