ئارجێنتینا چۆن دەتوانێت بگاتە مۆندیالی 2018ی رووسیا؟

مێسی و هاوڕێکانی سێ یارییە لەسەر یەک لە پاڵاوتنی مۆندیال یەکسان دەبن

K24- هەولێر

ئارجێنتینا دوای یەکسانبوونی بەبێ گۆڵ لەگەڵ پیڕۆ، چانسی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا کەمبووەوە، بەڵام بەهۆی بردنەوەی پاراگوای لە کۆلۆمبیا، هێشتا لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال لەدەستی خۆیان دایە.

ئارجێنتینا دوای یەکسانبوونی لەگەڵ پیڕۆ، کە سێ یارییە لەسەر یەکتری لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر دەبێت و لە دوایین چوار یاریشیدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور دابەزی و مێسی و هاوڕێکانی مەترسییان لەسەرە نەگەنە مۆندیالی رووسیا.

ئارجێنتینا بەرەبەیانی چوارشەممە لە یارییەکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەدا دەبێتە میوانی ئیکوادۆر و ئارجێنتینا بە بردنەوەی راستەوخۆ بلیتێکی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی رووسیا مسۆگەر دەکات، بەڵام دەبێت مێسی و هاوڕێکانی چاویان لە یاریی پیڕۆ و کۆلۆمبیا بێت، کە لە هەمان کاتدا بەڕێوە دەچێت و کاریگەریی لەسەر چارەنووسی ئارجێنتینا دەبێت.

 

خشتەی دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2018

02:30 بڕازیل - چیلی
02:30 ئیکوادۆر - ئارجێنتینا
02:30 پیڕۆ - کۆلۆمبیا
02:30 ئۆرۆگوای - بۆلیڤیا
03:30 پاراگوای - ڤێنزوێلا
 
لیۆنێل مێسی دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ پیڕۆ
لیۆنێل مێسی دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ پیڕۆ
سیناریۆکانی راستەوخۆ سەرکەوتنی ئارجێنتینا بۆ مۆندیالی 2018
ئەگەر ئارجێنتینا لە ئیکوادۆر بباتەوە و کۆلۆمبیا و پیڕۆ بەرامبەربن، ئەوکات ئەگەر چیلی و ئۆرۆگوای لە بڕازیل و بۆلیڤیاش ببەنەوە، ئەوا هەر ئارجێنتینا راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال و بە 28 خاڵ بۆ پلەی چوارەم سەردەکەوێت، کە لە ئەمریکای باشوور چوار هەڵبژاردە راستەوخۆ بۆ مۆندیالی 2018 سەردەکەون.
ئەگەر ئارجێنتینا لە ئیکوادۆر بباتەوە و پیڕۆش لە کۆلۆمبیا بباتەوە، بەڵام ژمارەی گۆڵەکانی ئارجێنتینا و بردنەوەکەی لە بردنەوەی پیڕۆ گەورەتر بێت، ئەوا ئارجێنتینا بە جیاوازیی گۆڵ بەپێش پیڕۆ دەکەوێتەوە و پلەی چوارەم بەدەست دەهێنێت و راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی 2018
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە یاریی بەرامبەر پیڕۆ
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە یاریی بەرامبەر پیڕۆ

سیناریۆکانی سەرکەوتنی ئارجێنتینا بۆ پاشکۆی پالاوتنەکانی مۆندیالی 2018

ئەگەر ئارجێنتینا لە دوایین یاریی لە ئیکوادۆر بباتەوە، بەڵام چیلی لە بڕازیل و ئۆرۆگوای لە بۆلیڤیا ببەنەوە و کۆلۆمبیاش سەرکەوتن بەسەر پیڕۆ بەدەست بهێنێت، ئەوا ئەوکات ئۆرۆگوای، چیلی و کۆلۆمبیا یاوەری بڕازیل دەکەن و راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی رووسیا، بەڵام دەبێت ئارجێنتینا پاشکۆی پاڵاوتن ئەنجام بدات، تاکو بگاتە مۆندیالی 2018.

ئەگەر ئارجێنتینا لە ئیکوادۆر بباتەوە گەیشتنی بە پاشکۆی پاڵاوتن مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەگەر پیڕۆ بەرامبەر کۆلۆمبیا بدۆڕێت، ئەوا ئەگەر ئارجێنتینا یەکسانیش بێت دەگاتە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکان، چونکە ئەوکات بە جیاوازیی خاڵێک بەپێش پیڕۆ دەکەوێتەوە، بەڵام بە مەرجێک پاراگوای لە ڤێنزوێلا نەباتەوە.

ریزبەندیی پێشەوەی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی رووسیا
ریزبەندیی پێشەوەی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی رووسیا