رۆژنامه‌یه‌كی بریتانیا: یانه‌یه‌ك له جیهان نوێنه‌رایه‌تی 40 ملیۆن كورد ده‌كات
"یانه‌یه‌ك ده‌كرێته په‌ردێك له نێوان كوردستان و ئه‌ورووپا"

رۆژنامه‌یه‌كی ناسراوی بریتانیا راپۆرتێكی له باره‌ی یانه‌ی داڵكوردی سویدی بڵاو كردۆته‌وه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌و یانه‌یه له جیهان نوێنه‌رایه‌تی 40 ملیۆن كورد ده‌كات ئه‌وه‌شی نووسیوه كه له‌مه‌ودوا هانده‌ران له كوردستان هاوشانی سه‌یركردنی یارییه‌كانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا سه‌یری یاری یانه‌ی داڵكورد ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 9 ئۆكتۆبه‌ری 2017، پێگه‌ی The Guardianـی بریتانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌یه وڵاتی سه‌ربه‌خۆی نییه، به‌ڵام یانه‌یه‌كی له ئه‌ورووپا به ناوی (داڵكورد) هه‌یه و نوێنه‌رایه‌تی 40 ملیۆن كورد ده‌كات.
ره‌مه‌زان كیزیڵ، كوردێكی باكووری كوردستان و به دامه‌زرێنه‌ری یانه‌ی داڵكورد ناسراوه، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی گاردیان بریتانیا ده‌ڵێت: یانه‌ی داڵكورد به جه‌سته له سویده، به‌ڵام له دڵ و ناخه‌وه بیروهۆشی لای خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی كه هێشتا سه‌ربه‌خۆییان رانه‌گه‌یاندووه و ژیانیان سه‌لامه‌ت نییه.
دامه‌زرێنه‌ری یانه‌ی داڵكورد ده‌شڵێت: كاتێك یانه‌ی داڵكوردم دامه‌زراند ته‌نانه‌ت زمانی سویدیشم به باشی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ویستم به دامه‌زراندنی یانه‌كه هێز و توانای كورد پیشانی جیهان بده‌ین، ده‌مانه‌وێت ئه‌و یانه‌یه بكه‌ینه پردێك له نێوان سوید و كوردستان.

له راپۆرتی رۆژنامه بریتانیاییه‌كه، ئاماژه به كاپتنه كورده‌كه‌ی یانه‌ی داڵكورد كراوه و نووسیویه‌تی: پێشره‌و عه‌زیز له ته‌مه‌نی 12 ساڵی له باشووری كوردستانه‌وه هاته سوید و په‌یوه‌ندی به یانه‌ی داڵكورد كرد و باوكیشی پێشمه‌رگه‌یه و له كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌جه‌نگێت.
رۆژنامه‌كه گفتووگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ پێشره‌و عه‌زیزی كردووه و ده‌ڵێت: باوكم پێشمه‌رگه‌یه و بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێده‌كۆشێت و منیش بۆ پیشاندانی هێزی وه‌رزشی كورد له له نێو یاریگه ده‌جه‌نگێم، من و باوكیشم بۆ یه‌ك مه‌به‌ست تێده‌كۆشین كه خزمه‌ت كردنه به ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
رۆژنامه‌ی گاردیان له پێشره‌وی عه‌زیز ده‌پرسێت، ئایا له كوردستان تا چه‌ند ئاره‌زوومه‌ندانی وه‌رزشی سه‌یری یارییه‌كانی داڵكورد ده‌كه‌ن؟
له‌مباره‌یه‌وه، پێشره‌و عه‌زیزی به گێرانه‌وه‌ی چیرۆكێك وه‌ڵامی رۆژنامه‌كه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ساڵی رابردوو گه‌ڕامه‌وه كوردستان له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی پێشمه‌رگه له دژی تیرورستانی داعش و رزگاركردنی موسڵ چوومه به‌ره‌ی جه‌نگ، له‌وێ به‌ڕێككه‌وتن پێشمه‌رگه به سه‌رسوڕمانه‌وه هاته لام و پێی گوتم تۆ پێشره‌و عه‌زیزی كاپتنه‌كه‌ی داڵكوردی؟ ئه‌وه تۆ چی ده‌كه‌یت لێره؟ بڕۆ ماڵه‌وه و بگه‌ڕێوه یانه‌كه‌ت.
پێشره‌و عه‌زیزی گوتی: ئه‌م چیرۆكه ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه یانه‌ی داڵكورد له كوردستان خاوه‌نی هانده‌رێكی په‌رۆش و دڵسۆزی زۆره.
یانه‌ی داڵكوردی سویدی له 2004 له لایه‌ن له 4 كۆچڕه‌وی كوردی نیشته‌جێی سوید دامه‌زرا و به تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌و یانه‌یه هه‌نگاوی گه‌وره‌ی نا و له ئێستادا له خولی سووپه‌رتانی سویدی یاری ده‌كات و نزیكه له‌وه‌ی بۆ وه‌رزی داهاتوو بۆ خولی نایابی سویدی سه‌ربكه‌وێت.
.jpg)
