ریال مەدرید دەتوانێت لە ئەڵمانیا بباتەوە و یانەکانی پرێمەرلیگیش بە ئاسانی دەتوانن بگەنە مۆندیال
تۆپی پێ گۆڕاوە و یانەکان لە هەڵبژاردەکان بەهێزترن
جۆی بارتۆن پێیوایە ئێستا ئاستی یانەکان زۆر لە ئاستی هەڵبژاردەکان بەهێزتربووە و پێیوایە ئەگەر ریال مەدرید وەکو پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و ئەڵمانیاش وەکو پاڵەوانی مۆندیال رووبەڕووببنەوە، ریال مەدرید سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
پێشتر گفتوگۆی هاندەران زۆرتر لەسەر هەڵبژاردەکان بوو و زۆرتر هاندەران باسی بڕازیل، ئەڵمانیا، هۆڵەندایان دەکرد، بەڵام لەم سەردەمەدا هاندەران بە هاتنی یاریی هەڵبژاردەکان بێزار دەبن و زۆرترت قسە لەبارەی یارییەکانی یانەکان دەکەن. تەنانەت لە مۆندیالی 1998 هاندەران زۆرتر ئۆرتێگایان دەناسی، لە کاتێکدا ئەو هێرشبەرە ئارجێنتینییە تەنیا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئاستی باش بوو و لەگەڵ یانەکان ون بوو.
جۆی بارتۆن، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگڵاند و یانەی بێرنلی کە ئێستا بەهۆی گرەوکردنی لەسەر ئەنجامی یارییەکان سڕکراوە، لەبارەی جیاوازیی یاریی یانە و هەڵبژاردەکان دەڵێت 'ئەو یانانەی دەبنە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ دەتوانن لەو هەڵبژاردانە ببەنەوە کە دەبنە پاڵەوانی مۆندیال، ئەو یانانەی دەبنە پاڵەوانی خولە ناوخۆییەکان دەتوانن لە هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان ببەنەوە'.
بارتۆن دەڵێت 'چێڵسی دەتوانێت لە ئینگڵاند بباتەوە، سێلتیک دەتوانێت لە سکۆتلەندا بباتەوە، ریال مەدرید دەتوانێت لە ئیسپانیا بباتەوە و یۆڤێنتۆسیش لە توانایدا هەیە لە ئیتاڵیا بباتەوە، پێموایە 10 یانەی پرێمەرلیگ دەتوانن بە ئاسانی بگەنە مۆندیال و ئاستی یارییە نێودەوڵەتییەکانی هەڵبژاردەکان لەو ئاستەدا نییە کە خەڵک بیری لێ دەکەنەوە، من پێموایە ریال مەدرید وەکو پاڵەوانی دوایین وەشانی چامپیۆنزلیگ لە توانای داهایە لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بباتەوە کە بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2014'.