کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت لەم مانگە قەرەبووی مانگی رابردوو بکاتەوە
155 رۆژە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لالیگا گۆڵی نەکردووە
K24- هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 155 رۆژە لە لالیگا گۆڵی نەکردووە، حەوت گەڕی خولی ئیسپانی تێپەڕیوە، کەچی هێشتا کریس نەیتوانیوە لەم وەرزەی خولەکە هیچ گۆڵێک بکات و هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکەی ریال مەدرید دەیەوێت ئەوەی لە مانگی سێپتێمبەر پێی نەکرا، لە مانگی ئۆکتۆبەر بیکات و گرێکوێرەی لالیگا بکاتەوە.
گەرچی دۆن مانگی رابردوو لە کۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ گۆڵێک بکات، بەڵام لەوەتەی پەیوەندیی بە ریال مەدرید کردووە لە لالیگا لە مانگی ئۆکتۆبەر لە 23 یاری 36 گۆڵی کردووە و 8 ساڵە لەم مانگە بەختی دەکرێتەوە.
کریس لە مانگی ئۆکتۆبەر سوپەر هاتریکێک و چوار هاتریک و شەش دووانەی لە یانە ئیسپانییەکان کردووە.
کریس کە لە مانگی رابردوو 18 شووتی ئاڕاستەی گۆڵی یانە ئیسپانییەکان کرد و هیچی لێ سەوز نەبوو، لەم مانگە لە لالیگا بەرامبەر یانەکانی گیتافی، ئیبار و جیرۆنا یاریی دەکات و لە چامپیۆنزلیگیش لەگەڵ یانەکەی بەرامبەر تۆتێنهام دەوەستێتەوە، دەیەوێت وەکو ساڵانی رابردوو کە مانگی ئۆکتۆبەر قەرەبووی مانگەکانی دیکە بکاتەوە.
کریستیانۆ دوو وەرزە لە خەڵاتی گۆڵکاری لالیگای ناسراو بە پیچیچی بێبەشە و ئەم وەرزەش لیۆنێل مێسی تاکو ئیستا 11 گۆڵی کردووە و کریس ئەگەر بیەوێت ئەم وەرزەش بەدیار مێسییەوە دانەنیشێت، دەبێت لەم مانگە بەڵانسی خۆی لە لیستی گۆڵکارانی لالیگا راست بکاتەوە.