تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی پاڵاتنەکانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018 راکێشرا
دەبێت لە ئیتاڵیا و سوێد یەکێکیان بگەنە مۆندیالی رووسیا
K24- هەولێر
تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018ی رووسیا راکێشرا و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگریندا، ئیتاڵیا و سوێد بە یەکدەگەن و دەبێت تەنیا یەکێکیان بگەنە مۆندیال.
لە شاری زیورخ لە سویسڕا بە ئامادەبوونی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و فێرناندۆ هێرۆی ئەستێرەی پێشووی ئیسپانی تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی رووسیا بۆ 8 هەڵبژاردە راکێشرا و ئێرلەندای باکوور و سویسڕا بەریەک دەکەون و کڕواتیا و یۆنانیش یاریی دەکەن، دانیمارک و کۆماری ئێرلەندا یاریی لەسەر بلیتێکی مۆندیال دەکەن و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز و ئاگرینیشدا، ئیتاڵیا و سوێد بەریەکدەکەون و لەم دوو هەڵبژاردەیە دەبێت تەنیا یەکێکیان بگاتە مۆندیالی رووسیا.
یارییەکانی چوون رۆژانی 9 تاکو 11ی مانگی داهاتوو دەکرێن و یارییەکانی گەڕانەوەش رۆژانی 12 تاکو 14ی هەمان مانگ دەکرێن.
تاکو ئێستا لە ئەوروپا 9 هەڵبژاردە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال مسۆگەرکردووە و 4 هەڵبژاردەی دیکەش 13 کورسییەکەی ئەوروپا بۆ مۆندیال تەواو دەکەن و مانگی دیسێمبەری داهاتوو تیروپشک بۆ هەڵبژاردەکانی مۆندیالی 2018 دەکرێن.
