مباپێ خەڵاتی گۆڵدن بۆی 2017ی بەدەستهێنا
مباپێ بە باشترین یاریزانی لاوی جیهان دەستنیشانکرا
K24- هەولێر
کیلیان مباپێ لەلایەن رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵییەوە بەباشترین یاریزانی لاوی جیهان هەڵبژێردرا و خەڵاتی گۆڵدن بۆی 2017ی بەدەستهێنا.
مباپێی 18 ساڵان دەنگی لە عوسمان دێمبڵی و گابریێل خیسۆس زیاتر بەدەستهێنا و هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمان لە هێرشبەری بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی بردەوە و بە باشترین یاریزانی لاوی 2017 دەستنیشانکرا و خەڵاتی گۆڵدن بۆی بەدەستهێنا، کە ساڵانە رۆژنامە ئیتاڵییەکە بەو یاریزانانە دەدات کە تەمەنیان لە خوار 21 ساڵە.
لەوەتەی ساڵی 2003 ساڵانە رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرت خەڵاتی گۆڵدن بۆی پێشکەش دەکات و مباپێ پازدەمین یاریزانە ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت کە لەمساڵدا لە 43 یاری 24 گۆڵی کردووە و 11 گۆڵیشی درووستکردووە.

