ریال مەدرید بۆ یاریی داهاتووی بۆ پاراستنی گیانی یاریزانەکانی بە پاسە تایبەتەکەی گەشت ناکات

ریال مەدرید لە ترسی هەڕەشەی کەتەلۆنییەکان بە فڕۆکە گەشت دەکات

K24- هەولێر

ریال مەدرید بەهۆی دۆخی سیاسی نێوان هەرێمی کەتەلۆنیا و ئیسپانیاوە بە پاسەکەی گەشت بۆ یاریی داهاتووی ناکات.
ئاژانسی رۆیتەرزی جیهانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لە ترسی رووداوی نەخوازراوەوە بە پاسە تایبەتەکەی گەشت بۆ یاریی داهاتووی لە بەرامبەر جیرۆنا ناکات، کە وابڕیارە ئێوارەی یەکشەممە لەمیانی یارییەکانی گەڕی دەیەمی لالیگا ریال مەدرید لە کەتەلۆنیا ببێتە میوانی جیرۆنا.
ریال مەدرید کە هەمیشە بە پاسە تایبەتەکەی بۆ یارییەکانی ناو ئیسپانیا گەشت دەکات و پاسەکەی لۆگۆ و درووشمی تایبەتی ریال مەدریدی لەسەرە، ئەمجارە بەهۆی دۆخی ئەمنی و سیاسییەوە بەرپرسانی ریال مەدرید بڕیاریان داوە رۆژی شەممە بە فڕۆکە گەشت بۆ یارییەکەی جیرۆنا بکەن و بەنیازیشن بە پاسێکی ئاسایی و بەبێ لۆگۆ و درووشمی ریال مەدرید لە هۆتێڵەوە رۆژی یارییەکە بچنە یاریگە.
ریال مەدرید پێشتریش لە یارییە هەستیارییەکانی بەرامبەر بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بلباو بۆ پاراستنی گیانی یاریزانان و شاندەکەی بە پاسە تایبەتەکەی گەشتی نەکردووە.