یاری داهاتووی ریال مه‌درید كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت
"ریال مه‌درید ترسی له یارییه‌كه هه‌یه و داوای دواخستنی ده‌كات"

به گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا، به‌هۆكاری سیاسی، ره‌نگه یارییه‌كه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووی به‌رامبه‌ر یانه‌ی جیرۆنای كه‌ته‌لۆنی دوابخرێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 27 ئۆكتۆبه‌ری 2017، پێگه‌ی ئۆندا سێرۆی ئیسپانیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، كه یاریی داهاتووی ریال مه‌درید له گه‌ڕی ده‌یه‌می لالیگا، به‌رامبه‌ر یانه‌ی جیرۆنا ره‌نگه دوابخرێـت.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، دوای راگه‌یاندنه تونده‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئیسپانیا له دژی كه‌ته‌لۆنیا، یاریزانانی ریال مه‌درید له سه‌لامه‌تی خۆیان دڵنیا نین كاتێك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یانه‌ی جیرۆنا رووده‌كه‌نه هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ماركا، به‌رپرسانی یانه‌ی شایانه داوای دواخستنی یارییه‌كه‌یان كردووه، له ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌ش، یانه‌ی ریال مه‌درید به ئۆتۆمبێله تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیان گه‌شتی مه‌درید ناكه‌ن، به‌ڵكو ره‌نگه پاسێك به كڕی بگرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك نهێنی له مه‌دریده‌وه رووبكه‌نه یاریگه‌ی جیرۆنا، چونكه ترسیان له‌وه هه‌یه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ته‌لۆنیا هه‌ڕه‌شه‌یان بكرێته سه‌ر.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، حكوومه‌تی مه‌درید داوای به‌رپرسانی ئه‌منی كه‌ته‌لۆنیا كردووه، له كاتی گه‌شتی یانه مه‌دریدییه‌كان بۆ كه‌ته‌لۆنیا پێویسته یارییه‌كان به‌بێ هانده‌ر به‌ڕێوه‌بچن و رێگه به هانده‌ران نه‌ده‌ن بۆ پاڵپشتیكردنی یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كان رووبكه‌نه یاریگه.