رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی باسی سەرکەوتنەکانی یانەی داڵکورد دەکات

داڵکورد بووەتە جێگای سەرنجی میدیا بەناوبانگەکانی ئەوروپا و جیهان

K24- هەولێر

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی سەرکەوتنەکانی یانەی داڵکورد بڵاوکردووەتەوە و ئەو یانەیەی بە نوێنەری سەرجەم کوردانی جیهان و پێشمەرگە ناوزەد کردووە. رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راپۆرتەکەی لەژێر ناونیشانی 'سەرکەوتنی داڵکورد، نوێنەرەکەی کوردان'.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ راپۆرتێکی لەبارەی یانەی داڵکورد بڵاوکردووەتەوە و ئەو یانەیەی بە نوێنەری سەرجەم کوردانی جیهان داناوە و راپۆرتەکە لە چوار بەش پێکهاتووە و لە بەشی یەکەمدا باسی سەرکەوتنەکەی داڵکوردی لە بەرامبەر گایس کردووە، کە داڵکورد بەم بردنەوەیە بەفەرمی سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە نایابەکانی سوێدی مسۆگەرکرد، لە بەشی دووەمیشدا باسی مێژووی دامەزراندنی یانەکەی کردووە و ئەوەی درکاندووە، کە نۆ پەنابەری کورد لە ساڵی 2004 لە هەرێمی دالارنا یانەکەیان دامەزراندووە و باسی قۆناخەکانی گەشەسەندنی یانەکەشی کردووە و چیرۆکی قۆناخی بە قۆناخی گێڕاوەتەوە.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە لە بەشی سێیەمدا، لێدوانی راوێژ لاوانی یاریزانی یانەکەی بڵاوکردووتەوە و راوێژ کە گۆڵی سەرکەوتنی لە دوایین یاریی یانەکەی تۆمارکرد و بووە هۆی سەرکەوتنی داڵکورد لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەکە گوتویەتی 'من زۆر دڵخۆشم، دڵخۆشییەکەم بە هیچ شتێک پێوانە ناکرێت، من پلکێکم هەرگیز باسی تۆپی پێم لەگەڵ ناکات، کەچی ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی زۆر دڵخۆشم بەو گۆڵەی تۆمارت کرد و دەستخۆشی لێکردم لە کاتێکدا هەرگیز سەیری یاریی تۆپی پێ ناکات'.

لە بەشی چوارەمدا رۆژنامە لێدوانێکی پێشڕەو عەزیزی، کاپتنی یانەی داڵکوردی بڵاوکردووەتەوە، کە پێشتر باوکی پێشڕەو پێشمەرگە بووە و پاشا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە ئەوان نوێنەرایەتی پێشمەرگە دەکەن و لە سەردانێکی بۆ بەرەکانی جەنگ، کە پێشمەرگە شەڕی داعش دەکات، پێشمەرگەکان داواین لێیکردووە بە سەرکەوتن دڵخۆشیان بکات'.

راپۆرتی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لەبارەی یانەی داڵکورد
راپۆرتی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لەبارەی یانەی داڵکورد