ریال مەدرید بەبێ 5 ئەستێرەی دەبێتە میوانی تۆتێنهام هۆتسپێرس
رافایل ڤاران بەهۆی پێکانەوە بەرامبەر تۆتێنهام ئامادە نابێت
K24- هەولێر
ریال مەدرید بەبێ 5 ئەستێرەی لە گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی تۆتێنهام هۆتسپێرس.
ریال مەدرید بەفەرمی پێکهاتەی یانەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆتێنهام راگەیاند و هەریەکە لە رافایل ڤاران، دانی کارڤاخال، کەیلۆر ناڤاس، ماتیۆ کۆڤاسیچ و گاریس بەیل بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداریی یارییەکەی سبەی بکەن، کە لە یاریگەی وێمبڵی ریال مەدرید دەبێتە میوانی تۆتێنهام و پێشتر هەردوو یانە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە گۆڵێک یەکسان بوون.
ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ بە جیاوازیی گۆڵ لە دواوەی تۆتێنهامی پێشەنگی کۆمەڵەی حەوتەم دێت و لە لالیگاش زیدان و یاریزانەکانی دۆخیان خراپە و دوای دۆڕانیان بەرامبەر جیرۆنا، بە جیاوازیی 8 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ لە پلەی سێیەمی لالیگا دێن.
