ئەو یانانەی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە

مانچێستەر یونایتد هێشتا بلیتێکی کۆمەڵەکەی یەکلا نەکردووەتەوە

K24- هەولێر

یانەکانی پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن بلیتەکانی کۆمەڵەی دووەمیان بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکرد، بەڵام هێشتا مانچێستەر یونایتد بلیتی کۆمەڵەکی یەکەمی یەکلا نەکردووەتەوە.

پاریس سانجێرمان بە گۆڵبارانکردنی ئاندێرلەخت بلیتێکی کۆمەڵەی دووەمی مسۆگەرکرد، دوای ئەوەی چوارەم سەرکەوتنی لەسەر یەکی بەدەستهێنا و بە 5-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە یەکەم یانە لە مێژووی چامپیۆنزلیگ چوار یاریی یەکەم 17 گۆڵ بکات و هیچ گۆڵێکی لێ نەکرێت.

بایرن میونشنیش 2-1 لە سێلتیکی بردەوە و ئەویش بلیتەکەی دیکەی کۆمەڵەی دووەمی بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 بڕی، کە بایرن لە دوای پاریس سانجێرمان بووە خاوەنی 9 خاڵ و لە پلەی دووەم دێت.

مانچێستەر یونایتد گەرچی چوارەم سەرکەوتنی لەسەر یەکی بەدەستهێنا و 2-0 لە بێنفیکای بردەوە، بەڵام هێشتا سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر نەکردووە، لە کاتێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند میدیایەک وا بڵاوکرایەوە مان یونایتد سەرکەوتنی مسۆگەر کردووە.

مان یونایتد گەرچی بە 12 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی سیێسکا مۆسکۆ لە بازلی بردەوە و هەردوو یانە بوونە خاوەنی 6 خاڵ، ئەوا ئەگەر مان یونایتد هەردوو یاری داهاتووی بدۆڕێنێت و بازل و سیێسکا مۆسکۆش هەردوو یارییەکە ببەنەوە، ئەوا لەبری مان یونایتد یانەکانی بازل و سیێسکا بە جیاوازیی گۆڵ دەگەنە قۆناخی داهاتوو.

ئەو یانانەی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە
ئەو یانانەی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە