کاردانەوەی زیدان و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای دۆڕانیان لە بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس
زیدان و کریستیانۆ رۆناڵدۆ: ئێمە لە قەیراندا نین
K24- هەولێر
ریال مەدرید بۆ دووەم یاری لەسەر یەک تووشی شکست بوو و هاندەرانی یانەکە گلەییان لە ئاستی یانەکەیان هەیە، بەڵام زیدان و کریستیانۆ رەتیدەکەنەوە لە قەیراندا بن.
دوای دۆڕانیان لە لالیگا لە بەرامبەر جیرۆنا بە ئەنجامی 1-2، ئەمجارەیان لە چامپیۆنزلیگ 1-3 بە تۆتێنهام دۆڕان و مەدریدییەکان لەوەتەی 2015 یەکەمجارە دوو یاری لەسەر یەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەدۆڕێن و زیدان لەوەتەی راهێنەری ریال مەدریدە، یەکەمجارە دوو یاری لەسەر یەک بدۆڕێت و شکستەکەی لە بەرامبەر تۆتێنهام گەورەترین شکستە لەوەتەی زیزۆ بووەتە راهێنەر
زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی
'ئێمە ئەوەندە خراپ نین کە باسی لێوەدەکەن، بەڵام بە دۆخێکی نموونەییشدا تێپەڕ نابین، دوو یارییە لەسەر یەک دەدۆڕێین بۆیە لە رووی دەروونییەوە خراپین، بەڵام ئێمە لە قەیراندا نین و یاریزانی بە ئەزموونمان هەیە و دەتوانین جارێکی دیکە هەڵبستینەوە، ئێمە بەرامبەر تۆتێنهام دوو هەلی گۆڵکردنمان بۆ رەخسا، بەڵام نەمانتوانی بیانقۆزینەوە، من گلەییم لە هێرشبەرەکان نییە و هەست ناکەم کێشەی گۆڵکردنمان هەبێت، بە هیچ شێوەیەکیش تا کۆتایی ئەم وەرزە دوودڵ نابم و دوودڵیش نیم، ئێمە دەبێت دان بەوەدابنێین بەرامبەر یانەیەک یاریمان کرد لە ئێمە باشترە'

کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەرچی گۆڵی ژمارە 10ی بەرامبەر تۆتێنهام کرد و بووە یەکەم یانەی ئینگلیزی ئەوەندە گۆڵەی لێ بکات، بەڵام دۆن دوای 17 یاری بۆیەکەمجار بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس تووشی شکست بوو.
کریستیانۆ کە تاکو گۆڵەکەی ریال مەدریدی لە بەرامبەر تۆتێنهام کرد، لە پێشەنگی گۆڵکارانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 6 گۆڵ و لە مێژووی خولەکەش خاوەنی 111 گۆڵە، دوای دۆڕانەکەیان رەتیکردەوە ئەوان بە قەیراندا تێپەڕبن
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری ریال مەدریدی ئیسپانی
'هەندێک شت هەیە ناتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت، گۆڵی یەکەمی تۆتێنهام ئۆفساید بوو، بەهەمان شێوە گۆڵی یەکەمی جیرۆناش ئۆفساید بوو، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین ئێمە بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبین و دۆخەکەمان بەوشێوەیە نییە کە ئێمە دەمانەوێت، بۆیە پێویستە دۆخەکە بگۆڕین، دڵنیاشم دەتوانین ئەم دۆخە بگۆڕین، نازانم بۆ دەتانەوێت بڵێن ریال مەدرید لە قەیراندایە، هەر کاتێک تیپێک 5 یاری دۆڕاند ئەوکات دەتوانن بڵێن لە قەیراندایە.
ئەگەر دەتانەوێت ئامارەکانی گۆڵەکانم بزانن ئەوا دەتوانن لە گووگل بنووسن گۆڵەکانی رۆناڵدۆ و هەموو شتێکتان دەست دەکەوێت، تیپی ئەم وەرزەمان لە وەرزی رابردوو خراپتر نییە، بەڵام دەکرێت کەم ئەزموونتر بێت، هێشتا چوار ساڵ لە گرێبەستەکەشم ماوە و بەنایزنیم گرێبەستەکەم لەگەڵ ریال مەدرید نوێبکەمەوە'
