بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک بەهۆی ناکۆکی یانەکان تیروپشکی خولی نایابی عێراق دواخرا
لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکە گرژیی لە نێوان نوێنەری یانە نایابەکان دروستبوو
K24- هەولێر
بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک بەهۆی ناکۆکی نوێنەری یانەکان لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکە، تیروپشکی خولی نایابی عێراق دواخرا.
گەرچی وابڕیاربوو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تیروپشکی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق لە بەغدا بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیان لەسەر سەرخستنی یانەکانی موسڵ و ناسریە، کە دوێنێ بە دەنگی زۆرینە بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق سەرخران و هەروەها چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکە، تیروپشکەکە نەکرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
گۆڤەند عەبدولخاڵق، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لە بەغداوە بە کوردستان24ی راگەیاند 'یانەکان لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکە و بڕیاری سەرخرانی یانەکانی موسڵ و ناسریە ناکۆک بوون و گرژیی لە نێوانیان دروستبوو، بۆیە تیروپشکەکە دواخرا و چاوەڕێ دەکرێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کەربەلا کۆببێتەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکە بدات'. هەروەها ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر راشیگەیاند 'پێشبینی دەکەم تیروپشکەکە بەمزووانە نەکرێت و وادەی دەستپێکی خولەکە دوابخرێت، کە وابڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە دەستپێبکات'.
نوێنەرەکەی یانەی هەولێر لەبارەی داوا و ویستی یانەکانی کوردستانەوە رایگەیاند 'دواخرانی تیروپشکی خولەکە لە بەرژەوەندیی یانەکانی کوردستان دایە، چونکە پێشتر ئەوان لەبەر دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق داوای دواخرانی خولەکەیان کردبوو'. گۆڤەند عەبدولخاڵق رەتیشیکردەوە یانەکانی موسڵ و ناسریە کە دوێنێ بە دەنگی زۆرینە سەرخران جارێکی دیکە داببەزێنرێن و پێشبینیشی کرد چەند یانەیەکی دیکەش سەربخرێن و بۆ ئەوەی یانەکان دابەش بکرێنە سەر چەند کۆمەڵەیەک'.